محەمەدی حاجی مەحمود: کۆچکردن هەندێکی چاولێکەریە و هەندێکی بێ ئومێدی

 لڤین:

سکرتێری حزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان لەبارەی هۆکاری کۆچکردن بۆدەرەوەی وڵات رایگەیاند، کۆمەڵێک هۆکار هەیە بۆ کۆچکردن لەوانەیە هەندێکی چاولێکەری بێت و هەندێکیشی بێ ئومێدی بێت.

محەمەدی حاجی مەحمود، لە دیدارێکدا لەگەڵ میدیای حزبەکەی رایگەیاند “ئەو خەڵکەی ئێستا لە کوردستان دەچێتە دەرەوە رەنگە کۆمەڵێک پێوەری جیاجیای هەبێت، یەکێک لەوانە رەنگە چاولێکەری بێت، هەندێکیش رەنگە پێیان خۆش بێت کەوا بچێتە دەرەوە، هەندێکیش بەهۆی کێشە و گیروگرفتەکان یاخود جێگیرنەبوونی ئاسایش لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان و نەبوونی ئومێد بێت بۆ داهاتوو، ئەمانە هەموی پاڵپێوەنەرن کە خەڵک بە کۆمەڵ روو لە دەرەوەی وڵات بکەن”.

ئەو دەشڵێت: لە هەموو دونیا کۆچکردن هەیە، بەڵام لێرە رەنگە بگەڕێتەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان و دەسەڵاتی دادوەری کە سێ دامەزراوەی گرنگی کوردستانن، ئەمانە دەبوو لە 30 ساڵی رابردوودا چارەسەرێکیان لەرووی ئابوریەوە بۆ خەڵک بکردایە.

محەمەدی حاجی مەحمود دەشڵێت: زۆری هاوارەکە بۆ ئەوەیە کە لەڕووی ئابوریەوە کێشەیان هەیە، لە کوردستان پێش هەموو شتێک پێویستمان بە دەستور هەیە کە نیمانە، هەروەها وەزارەتی پلاندانان رەنگە هەمان بێت، بەڵام ئەو وەزارەتە پێویستە کۆمەڵێک شتی گرنگ بکات لە کوردستان.

سکرتێری حزبی سۆسیالست وتیشی: خوێندن بووەتە پارە “تەنانەت تەندروستی بووەتە بازرگانی، ئەمە رەنگە یەکێک بێت لەو هۆکارانەی کە خەڵک کۆچ دەکەن”.

باسی لە بازرگانیکردنی کەرتی تەندروستی کرد وتی کە “لەم شەوانەدا چاودێری میدیاکانم کرد، چەند کەسێک لە نەخۆشخانەکان شەوی ملیۆنێک و 500 هەزاریان لێوەرگرتوون، رەنگە هۆتێلێکی پێنج ئەستێرەش لە ئەوروپا و ئەمریکا لە 300 دۆلار تێنەپەڕێت، نازانرێت ئەو پارەیە بە چ یاسایەک لە کوردستان وەردەگیرێت، تەنانەت کەسێک مردبوو، تەرمەکەیان نەدەدایەوە چونکە هێشتا پارەکەی نەدابوو، دەبێت حکومەت ئەمانە رێک بخات، شەش ملیۆن کورد لە کوردستانە یەک مەتر قوماش لە کوردستان دروست ناکرێت”.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button