پاسپۆرتى سلێمانى بەمەبەستی هاوکاری هاوڵاتیان هەڵمەتێکی میدیایی ڕاگەیاند

لڤین:
بەرێوەبەرایەتى پاسپۆرتى سلێمانى رایگەیاند، هاوکار و ڕێنیشاندەری هاوڵاتییان دەبێت، بۆئەوەی بەڕێگەیەکی یاسایی کۆچ بۆ وڵاتانی ئەوروپا بکەن، نەک ڕێگەی مەرگەسات و قاچاخ و نایاسایی بگرنەبەر.
بەرێوەبەرایەتى پاسپۆرتى سلێمانى،لە ئاگاداریەکدا کە ئەمڕۆ ( چوارشەممە، 10ی تشرینی دووەمی 2021) لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوەتەوە ڕایگەیاندوە لە ڕێگەی هەڵمەتێکی میدیاییەوە ڕێگا یاساییەکانی وەرگرتنی ڤیزای گەشتیاری، ڤیزای کارکردن، ڤیزای نەخۆشی و چەند جۆرێکی دیکە لەڤیزا بڵاودەکاتەوە.
دەقى ئاگادارییەکە:
بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی لەڕێگەی هەڵمەتێکی میدیاییەوە هاوکار و ڕێنیشاندەری هاوڵاتییانی خۆشەویست دەبێت، بۆئەوەی بەڕێگەیەکی یاسایی کۆچ بۆ وڵاتانی ئەوروپا بکەن، نەک ڕێگەی مەرگەسات و قاچاخ و نایاسایی بگرنەبەر.
بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی لەڕێگەی پەڕەی تایبەت بەخۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، ڕێگا یاساییەکانی وەرگرتنی ڤیزای گەشتیاری، ڤیزای کارکردن، ڤیزای نەخۆشی و چەند جۆرێکی دیکە لەڤیزا بڵاودەکاتەوە.
ئامانجمان لەم هەڵمەتە ئەوەیە هاوڵاتییان بەڕێگایەکی سەلامەت و یاسایی کۆچبکەن، بۆئەوەی خۆیان و خێزانەکانیان دووربن لە مەترسییەکانی ڕێگای کۆچی نایاسایی.
لێرەوە داوا لە ھەر کەسێکی بە ئەمەک و دڵسۆز دەکەین، کە دیمەنی ژن و منداڵ و گەنج و پیرەکانی ڕێگای کۆچ ناخی هەژاندوون، هاوکارمانبن لەم هەڵمەتەدا، بۆئەوەی چیتر هاوڵاتییان کورد لەو ڕێگایە نەبنە قوربانی و ڕێگری لەو نەهامەتییە بکەین.
بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی