کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان شاندێک دەنێرێتە سەر سنوری بێلاروس و پۆڵەندا

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی تراژیدیای کۆچبەرانی بیلاروسیا مەترسیدارتر نەبێت، هەرچی بکەوێتە سەر شانی ئێمە دەیکەین و ب لیژنەیەکمان سەردانی سنورەکانی بیلاڕووسیا و پۆڵەندا دەکات.
کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)، سەبارەت بە دۆخى کۆچبەران لە سنورەکانى وڵاتى بیلاڕووسیا و پۆڵەندا ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت: بە هەزاران پەنابەر، کە زۆربەیان خەڵکی باشوری کوردستان، عێراق و سوریان و لە سەر سنوری بێلاڕوسیا و پۆڵەندا گیریان خواردووە و بێ چارە لەناو دارستانەکان بێ هیوا ماونەتەوە.
کەنەکە دەشڵێت: سەرکردەکانى یەکێتی ئەوروپا لە ئاستی باڵادا، دەسەڵاتدارانی تورکیا، بێلاڕووسیا و ڕووسیا تاوانبار دەکەن بەوەی، کە ئەردۆغان، ئلێکساندەر لۆکاشینکۆ و ڤیلادێمێر پوتین پەنابەران بۆ ئامانجەکانی خۆیان وەک فشارێکی سیاسیی لەدژی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بەکاردێنن.
کۆنگرەی نەتەوەیی وتوشیەتی: ئەو هەڵسوکەوتەی کە سەرکردەکانى بێلاڕووسیا و پۆڵەندا لەدژی پەنابەران دەیکەن، بۆ مرۆڤایەتیی و بۆ ژیانی پەنابەران تراژیدیایەکی خەمناکی مەزنە و لە دژی مافەکانی مرۆڤە.
کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی داوا لە بەرپرسانى باشوورى کوردستانیش دەکات، کە هەرچی زووە ئەو پرسە بە جدی و بە بەرپرسیاریەکی نەتەوەیی و نیشتیمانیەوە کاری بۆ بکەن و چارەسەری پێویستی بۆ بدۆزنەوە.
ئاماژەیان بەوەداوە، بۆ هاوکاریی و چارەسەری پرسی پەنابەران، پێش ئەوەی ئەو تراژیدیاکە گەورەتر و مەترسیدارتر بێت، هەرچی بکەوێتە سەر شانی ئێمە، هەوڵی جدی بۆ بەجێبەجێکردنی ئەرکەکانمان دەدەین و بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەکمان سەردانی سنورەکانی بێلاڕووسیا، پۆڵەندا و شوێنی پەنابەران دەکات.