یەحیا رەسوڵ داوای پێداچوونەوە بە سیستەمی ئەمنی هەرێم دەکات

لڤین:
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لەسەر هێرشە موشەکییەکەی شەوی ١٥ی ئەم مانگە بۆسەر شاری هەولێر، ڕەخنە لە سیستمی ئەمنی هەرێم دەگرێت و چەند زانیاریی و وردەکارییەکیش لە بارەی ڕووداوەکەوە دەخاتەڕوو.
لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، دەربارەی هێرشە موشەکییەکەی شەوی ١٥ی ئەم مانگە بۆسەر شاری هەولێر، کە بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوو ئەم خاڵانەی خستوەتەڕوو:
🔹 ئەو موشەکانەی لە هەولێر کەوتنەخوارەوە لەناو سنوری هەرێمی کوردستانەوە تەقێندرابوون.
🔹 ژمارەی ئەو موشەکانەی لە هەولێر کەوتنەخوارەوە (١١) موشەک بوون.
🔹 موشەکەکان لە دوو ناوچەوە لە هەرێمی کوردستان تەقێندران.
🔹 چوار موشەکیان لەناو فڕۆکەخانەی هەولێر کەوتونەتە خوارەوە.
🔹 پێویستە سیستمی ئەمنیی هەرێمی کوردستان پێداچونەوەیەکی ورد بکات بەو خەرقە ئەمنییەی بەمدواییە رویدا.
🔹 ئەو موشەکانەی کە کەوتنەخوارەوە زیاتر لە پێنج کیلۆمەتر لە ناوەندی هەولێرەوە دوور بوون.
🔹 کازمی فەرمانیداوە هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ و هێزی هاوپەیمانان لێکۆڵینەوەی هاوبەش بکەن لەبارەی هێرشەکەی هەولێرەوە، دەبێت رێگە بدرێت بگەینە ئەنجامێکی هاوبەشی لێکۆڵینەوەکان.
🔹 دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، ئەو لایەنەی لە پشت هێرشەکەی هەولێرەوەیە، لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
🔹 حەشدی شەعبی سیستمێکی سەربازییە کە بە هەماهەنگییەکی باڵا کار لەگەڵ هێزە ئەمنییەکاندا دەکات.
🔹 داعش هەمان ئەو جۆرە موشەکانەی بەکارهێناوە کە لە هەولێر کەوتنەخوارەوە.