رێواز فایەق: لیژنەیەکی پەرلەمان سەردانی بیلاروسیا دەکات

لڤین:
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، بڕیارماندا لیژنەی پەیوەندییەكان و ڕەوەندی كوردی لە پەرلەمانی كوردستان سەردانێكی بەپەلە بۆ پۆڵەندا بكەن، بۆئەوەی بزانن لەوێ چی ڕوودەدات.
ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەدانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستاندا، وتی: لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی كوردیی پەرلەمانی كوردستان داوایان كردووە، گەشتێكی بەپەلە بكەن بۆ پۆڵەندا، ئێمە ڕەزامەندیمان دەربڕیوە بۆ ئەو گەشتە و داوایان لێدەكەین، سبەینێ گەشت بكەن، بۆئەوەی لەماوەی سێ ڕۆژدا پێمان بڵێن ئەوەی لەوێ ڕوودەدات چییە؟.
سەرۆكی پەرلەمانی کوردستان وتیشی: ئێمە هیچ ڕێگرییەکمان نییە، كۆبوونەوەیەكی تری پەرلەمان بە ئامادەبوونی وەزیرە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم بكەین، دوای گەڕانەوەی ئەو لیژنەیە.
دەشڵێت: ئەوەی ڕوودەدات شتێكی ناسروشتییە و جیاوازە لەوەی پێشتر هەبوو، ئێستا خەڵك لە سنورە و دەبێت پەرلەمان قسەی هەبێت و هەموو پێداویستییەك بۆ گەشتكردنی ئەو لیژنەیە دابیندەكەین.