چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان و سەرۆک کۆمار و کازمی کۆبونەوە

لڤین:

چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان ئیدانەی ھێرشکردنە سەر ماڵی سەرۆک وەزیران دەکات و داواش دەکات چارەسەری یاسایی بۆ قەیرانی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان بدۆزرێتەوە.

چوارچێوەی ھەماھەنگی لایەنەکانی شیعە بە ئامادەبوونی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری سەوی ڕابردوو لە ماڵی حەیدەر عيبادی سەرۆک وەزیرانی پێوتری عێراق کۆبووەوە و گفتوگۆی کرد لە بارەی ھێرشکردنە سەر خۆپیشاندەران و کردنە ئامانجی ماڵی سەرۆک وەزیران و ئەنجامی ھەڵبژاردن.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا چەند خاڵێک ڕاگەیەنران، لەوانە ئیدانەکردنی تاوانی کردنە ئامانجی خۆپیشاندەران و تەواوکردنی لێکۆڵینەوە دادوەرییەکان و لێپرسینەوە لە تێوەگلاوانی لە تاوانەکە.

چوارچێوەی ھەماھەنگی لایەنەکانی شیعە  ئیدانەی  هێرشکردنە سەر ماڵی سەرۆک وەزیران و تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان و ھاوکاریکردنی تیمی لێکۆڵینەوە و تیمی ھونەری تایبەتمەند بۆ زانینی پاڵنەرەکانی تاوانەکە و پێشکەشکردنی تۆمەتباران بە دادگا بە پێویست دەزانێت.

داواشیانکرد پشێوییەکان کەمبکرێنەوە و ھەڵمەتی میدیایی ڕابگیرێت و ھەموو دیاردەکانی ئیستیفزاز لە شەقامەکان لاببرێن و ئەو مەترسیانەی لای ھاوڵاتیان دروستبووە نەھێڵرێت و پەیامی دڵنیاییان پێبگەیەنرێت.

چوارچێوەی ھەماھەنگی داوایانکردووە، چارەسەری یاسایی بۆ قەیرانی ئەنجامی ھەڵبژاردنی بدۆزرێتەوە و متمانە بە پڕۆسەی ھەڵبژاردن بۆ ھەموو لایەنەکان بگەڕێنرێتەوە و بانگەواز بکرێت بۆ کۆبوونەوەی نیشتمانی بۆ گەڕان بەدوای چارەسەر بۆ ئەو کێشە چەقبەستووە.

جەختیشیانکردەوە لەسەر پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان لە چوارچێوەیی یاسایی و سیاسی پەیڕەوکراو.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button