عەلی حەمە ساڵح: ئەیاز وتی تەنیا لە فەیسبوک ڕەخنەم گرتووە

لڤین:

عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری کوردستان، كە دوێنێ ئامادەی دادگاییكردنی پێنج دەستگیركراوی بادینان بوو چیرۆکی دادگایکردنەکە و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ئەیاز کەرەم، یەکێک لە پێنج سزادراوەکە دەکات و دەڵێت: بە بینینی ڕوخساری، شێوازی قسەکردنی، بێتاوانی ئەیازت دەبینی.

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: لەکاتی دادگاییەکەدا ئەیاز کەرەم، وتویەتی: “تەنیا لە فەیسبوک ڕەخنەم گرتووە، من ئەوەندە دڵنیام لەخۆم تەنانەت رەقەم سڕیش لەسەر موبایلم نەبوە بردویانە!”.

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: هیچ تۆمەتێک لەسەر ئەیاز کەرەم نەسەلمێندرا و سەرجەم ئەو تۆمەتانەی درابوونە پاڵی ڕەتیكردنەوە.

 

ئەمە چیرۆکی دادگاییکردنی ئەیاز بوو لە زاری ئەو پەرلەمانتارەوە:

ئەیاز کەرەم، چیرۆکێکی تراژیدی

شەش ساڵ زیندان لە پێناو ھیچ

بە بینینی ڕوخساری، شێوازی قسەکردنی، بێتاوانی ئەم کوڕەت دەبینی..

ئەو وتانەی خوێندرایەوە گوایە دانپێدانانی ئەو بووە، وتەکانی چەند شتێکی سەرنج ڕاکێش بوو.. لەوانە..

– لە گروپی ماسنجەر بووە لەگەل شیروان شیروانی..

گروپەکەش تایبەت بوو بە کۆکردنەوەی زانیاری و خراپی حکومەت و گەندەڵی ..

دوو کارتی کۆڕەکی لەلایەن کەسێکی ترەوە پێدراوە کەسێکی دیکەش بەناوی بەھجەت 200 دۆلاری وەک ھاوکاری بۆ ناردوەتەوە..

ئەیاز، گوتی: بەشێک لەم زانیاریانە ڕەتدەکەمەوە، من لە ھیچ گروپێکی چات نەبوم و ئاڵوگۆڕی زانیاریم نەکردووە و ڕەخنەمان گرتوە لە کەموکورتی حکومەت..

ئەو کارتی موبایلەش برادەرێک بۆی ناردوم وەک جەژنانە،

بەھجەتیش  خزممە و لە ئەوروپاوە 200 دۆلاری پێداوم.

ئەیاز جەختی لەوە دەکردەوە ئەو لە ھیچ گروپێکی میسنجەر نەبوە “تەنیا لە فەیسبوک ڕەخنەم گرتوە، من ئەوەندە دڵنیام لەخۆم تەنانەت رەقەم سڕیش لەسەر موبایلم نەبوە بردویانە!”

ھیچیان لەسەر ئەیاز نەبو، وەک ئەوەی ڕەخنە تاوانێکی گەورەبێت، داواکاری گشتی دەی پرسی..

مەبەست چی بوو لەو ڕەخنانە؟

“ڕەخنەمان گرتوە بۆ چاککردنی دۆخی کوردستان، رەخنەکانیشم بە ئاشکرا لە فەیسبوک بڵاوبوەتەوە”.

داواکاری گشتی وتی: بەشداری خۆپیشاندانت کردوە؟

ئەیاز، وتی: خۆپیشاندان لە دھۆک نەبوە تاوەکو بەشداربم، بەشداری گردبونەوەم کردوە..

داواکاری گشتی پرسی: مۆڵەتی ھەبوە؟

ئەیاز وتی: وەک بەشداربویەک ڕۆشتم، من ڕێکخەر نەبوم.

تۆمەتێکی دیکە ئاراستەی ئەیاز کرا ئەوە بوو، کەسێک نامەی بۆ ناردووە وتویەتی ھێزێکی زۆری ئاسایش بۆ شیلادزێ دەچن؟

ئەمیش لە وەڵامدا وتویەتی : دەستخۆش..

ئەیاز وەک ئەوەی دڵنیابێت ھیچ تاوانێکی نیە، وتی: جەنابی دادوەر من یەک گرفتم ھەیە.

پێنج ساڵە جنسیەو کارتی دەنگدانم لێوەرگیراوەتەوە، تکایە مافی دەنگدانم پێنج ساڵە ڵێوەرگیراوەتەوە..

دادوەر وتی: ئەو بابەتە پەیوەندی بەم دۆسیە نیە…

لەپێش خوێندنەوەی حوکمەکەی، وەک ئەوەی دڵنیابێت ئەمڕۆ ئازاد دەبێت، وتی: کاک عەلی کاتێ تۆبەرنامەی زمانی ژمارەکانت ھەبوو منیش ھاوکاری KNN بوم کێشەی ئەو کارتی دەنگدانەم بۆ حەل بکەن…. وتم: بائازاد بیت خودا گەورەیە…

ئەیاز، بە شەش ساڵ زیندانی حوکمدرا..

نەتۆمەتەکان و نە بەڵگەو نە شاھیدو نە دانپێدانان، نەیان وت: ئەیاز بەشێکە لە گروپی چەکداری یان سیخوڕی بەسەر نیشتیمان… ئەیاز ھەژاریکی دڵسۆزی ئەم نیشتیمانەبوو کە پارەی کارتی موبایلی نەبوو، ڕەخنەی دەگرت لە پێناو ژیانێکی باش…

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button