قوباد تاڵە‌بانی: كورد بە‌یە‌كڕیزی بە‌شداری گفتوگۆكانی بە‌غدا بێت

لڤین:

جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران، لە‌ھە‌موو كات زیاتر پێویستە‌ پە‌نا ببرێتە‌بە‌ر گفتوگۆ بۆ چارە‌سە‌ركردنی گرفتە‌كان بە‌تایبە‌ت ئە‌و گرفتانە‌ی لە‌ دە‌رئە‌نجامی ھە‌ڵبژاردنە‌كانە‌وە‌ لە‌نێوان لایە‌نە‌ سیاسییە‌كانە‌وە‌ سە‌ریانھە‌ڵداوە‌.

قوباد تاڵە‌بانی جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران لە‌ كۆبوونە‌وە‌یە‌كدا لە‌گە‌ڵ وە‌فدێكی سە‌ربازی بە‌ریتانی بە‌سە‌رۆكایە‌‌تی مارشال سامی سیمپسن گە‌ورە‌ راوێژكاری سە‌ربازی حكومە‌تی بە‌ریتانیا بۆ کاروبارى رۆژهەڵاتی ناوەراست و باکوری ئەفریقا، جە‌ختی كردە‌وە‌ لە‌ بە‌ردە‌وامی ئە‌نجامدانی چاكسازییە‌كانی وە‌زارە‌تی كاروباری پێشمە‌رگە‌ و لە‌وبارە‌یە‌وە‌ سوپاسی بە‌ریتانیا و ھێزە‌كانی ھاوپە‌یمانانی كرد كە‌ ھاوكار بوون.

لە‌و كۆبونە‌وە‌یەدا كە‌ ئە‌مڕۆ دووشە‌ممە‌ ۸_۱۱_۲٠۲۱ لە‌ ھە‌ولێر بە‌ڕێوە‌چوو و وە‌زیری كاروباری پێشمە‌رگە‌ و كونسڵی بە‌ریتانیا ئامادە‌ی بوون، قوباد تاڵە‌بانی باسی لە‌رە‌وشی ھە‌نووكە‌یی عێراق كرد و جەختی لەوە کردەوە کە‌ لە‌ھە‌موو كات زیاتر پێویستە‌ پە‌نا ببرێتە‌بە‌ر گفتوگۆ بۆ چارە‌سە‌ركردنی گرفتە‌كان بە‌تایبە‌ت ئە‌و گرفتانە‌ی لە‌ دە‌رئە‌نجامی ھە‌ڵبژاردنە‌كانە‌وە‌ لە‌نێوان لایە‌نە‌ سیاسییە‌كانە‌وە‌ سە‌ریانھە‌ڵداوە‌.

لەبارەى نوێترین پێشهاتی سەر گۆڕەپانی سیاسی عێراقیش، هەردوولا ئیدانەى ئەو هێرشە تێرۆریستیەیان کرد کەکرایە سەر ماڵى مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و دووپاتیانکردەوە کەپێویستە ئارامی و سەقامگیری بۆ ئەم وڵاتە دەستەبەر بکرێت و کاربکرێت بۆ ریشەکێشکردنی تێرۆر.

لە‌تە‌وە‌رێكی تری كۆبوونە‌وە‌كە‌دا، جێگری سە‌رۆك وە‌زیران ئاماژە‌ی بە‌وە‌دا كە‌ گرنگە‌ كورد یە‌ك دە‌نگ و یە‌ك ریز بێت بە‌تایبە‌ت لە‌ئێستادا کە قۆناغی دە‌ستپێكردنی گفتوگۆكانە‌ لە‌ بە‌غدا ئە‌وە‌ش لە‌پێناو باشتر دە‌ستە‌بە‌ركردنی مافە‌كانی گە‌لی كوردستان دا.

لە‌بارە‌ی چاكسازییە‌كانی وە‌زارە‌تی كاروباری پێشمە‌رگەشە‌وە‌، قوباد تاڵە‌بانی وتی: قۆناغی زۆر باشمان بڕیوە‌ و بە‌ردە‌وامییش بە‌و پڕۆسە‌یە‌ دە‌درێت. لە‌وبارە‌یە‌وە‌ ستایشی ھێزە‌كانی ھاوپە‌یمانان و بە‌ریتانیاشی بە‌تایبەت كرد.

وە‌فدە‌ سە‌ربازییە‌كە‌ی بە‌ریتانیاش ئامادە‌ییان دە‌ربڕی بۆ ھە‌ماھە‌نگی زیاتر و بەردەوامی لەپشتیوانی کردنی هەوڵەکانی چاکسازی، راشیانگەیاند دەبێ هێز و لایەنە سیاسیەکانی عێراق ناکۆکییەکانیان وەلا بنێن و گفتوگۆ و دانوستان بکەنە بنەماى کارکردن لەپێناو تێپەڕاندنی ئەم قۆناغەدا.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button