کازمی: ئەوانەی تاوانەکەی دوێنێیان ئەنجامدا باش دەیانناسین و ئاشکرایان دەکەین

لڤین:

سەرۆک وەزیرانى عێراق رایگەیاند،شەوی ڕابردوو بە درۆن ڕاستەوخۆ هێرش کرایەسەر ماڵەکەم، کارێکی ترسنۆکانە بوو لە ئازا ناوەشێتەوەو ویستی عێراقییەکان دەرنابڕێت.

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا کە ئێوارەی ئەمڕۆ ( شەممە، ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ ) ئەنجامیداوە، لە ڕاگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا هاتوە،” شەوی ڕابردوو بە درۆن ڕاستەوخۆ هێرش کرایەسەر ماڵەکەم، کارێکی ترسنۆکانە بوو لە ئازا ناوەشێتەوەو ویستی عێراقییەکان دەرنابڕێت”.

هەروەها ڕایگەیاندوە،” وڵاتەکەمان بە ئاڵنگاریی زۆردا تێدەپەڕێت کە هی ئەمڕۆ نین و بەرهەمی ئەم حکومەت نین، توانیمان قەیرانی ئابوری و تەندروستی چارەسەربکەین، قەیرانی دابەزینی نرخی نەوت و سیاسەتە هەڵەکانی حکومەتەکانی پێشوومان تێپەڕاند،سەرکەوتوو بوین لە بەدیهێنانی داواکارییەکانی گەل و مەرجەعیەت و خۆپیشاندەران بە ئەنجامدانی هەلبژاردنی پێشوەخت و هەموو داواکارییەکانی کومسیۆنمان دابینکرد”.

ئاماژەی بەوەیشداوە،”ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و سکاڵاو تانەکان کاری حکومەت نیە، ئەرکی ئێمە بریتی بوو لە دابینکردنی بودجە و پاراستنی ئاسایشی هەڵبژاردنەکان، نەمانهێشت عێراق بخلیسکێتە ناو شەڕی هەرێمییەوەو توانیمان وڵات بگەیەنینە کەناری ئارام”.

هەروەها هاتوە،”هەندێ هەن هەوڵ دەدەن گەمە بە ئاسایشی عێراق بکەن و دەوڵەتی عەساباتیان دەوێ، بەڵام ئێمە بونیادنانی دەوڵەتمان دەوێت، لەدژی گەندەڵی جەنگاین ناوەستین لە ڕاوەدونانی گەندەڵکاران و لە داد قوتاریان نابێت”.

سەرۆکوەزیران ڕایشیگەیاندوە،” فەرمانمان داوا بە لێکۆڵینەوەی دەستبەجێ لە ڕوداوی خۆپیشاندانەکانی هەینی بەردەم ناوچەی سەوز هەموو دەستدرێژکەرێک دەخەینە زیندانەوەو ڕادەستی دادگای دەکەین، چونکە ئێمە جیاوازی ناکەین لە نێوان عێراقییەکاندا”.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە،” بۆ خزمەتی گەلەکەمان هاتوین، هەن دەیاناوێ عێراق بڕفێنن، بەڵام ڕێگەنادەین، عێراق لە هەموو هەوڵێک بۆ بچوککردنەوەی گەورەترە، نابێتە گۆڕەپانی سەرکێشی چونکە خاوەنی گەلێکی هۆشیار و پاشخانێکی شارستانی قوڵە”.

لە کۆتایدا هات،” بەدوای ئەوانەدا دەچین کە تاوانەکەی دوێنێیان کرد، باش دەیانناسین و ئاشکرایان دەکەین، دەستی داد دەگاتە بکوژانی شەهید عەقید نبراس فەرمان ئەفسەری دەزگای هەواڵگری نیشتمانی”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button