قوباد تاڵەبانی: پشتگیریکردنی وەبەرهێنەران لە ئەولەویەتماندایە

لڤین:
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، پشتگیریکردنی کەرتی تایبەت و وەبەرهێنەران لە ئەولەوییەتەکانمانە لەپێناو بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری هەرێم.
نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە کۆبونەوەکەدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی پشتگیری بۆ کەرتی تایبەت دووپاتکردەوە و رایگەیاند: دەبێت کارئاسانی تەواو بکرێت بۆ وەبەرهێنەران و رۆتین بە تەواوەتی کەم بکرێتەوە.
جێگری سەرۆک وەزیران وتیشی “پشتگیریکردنی کەرتی تایبەت و وەبەرهێنەران لە ئەولەوییەتەکانمانە لەپێناو بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری هەرێم، هەربۆیە ئەرکی بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای سلێمانییە کە نەک تەنها کارئاسانی تەواو بۆ وەبەرهێنەران بکەن، بەڵکو دەبێت کار بۆ ئەوەبکرێت هانی وەبەرهێنەرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق و وەبەرهێنەرانی بیانیش بدرێت بۆ کاری وەبەرهێنان رووبکەنە پارێزگای سلێمانی”.
تاڵەبانی ئاشکراشیکرد “مەبەستمانە لە پڕۆژەكانی نیشتەجێبون ئەولەویەت بدرێت بەو پڕۆژانەی كە تایبەت دەبن بە چینی كەمدەرامەت، بۆیە گرنگی بدەن بەو جۆرە پڕۆژانە بۆ ئەوەی زوو بكەونەگەڕ”.