هێرشەکەی سەر ماڵی کازمی بە سی فرۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدراوە

لڤین:
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، بەسێ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشکراوەتەسەر ماڵی مستەفا کازمی ، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکان دوو لەدرۆنەکان خراونەتە خوارەوە و دۆزینەوەی بکەرانی هێرشەکە کارێکی قورس نیە.
سەعد مەعن، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند “کردنە ئامانجی کەسی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشهاتێکی مەترسیدارە و کردەوەیەکی تیرۆریستیییە، لێکۆڵینەوەیەکی ورد دەکرێت بۆ گەیشتن بە هەموو وردەکارییەکانی ئەو کارە تیرۆریستییە”.
ئاشکرایکرد، ئەنجوومەنی دادوەری لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکدەهێنێت و هێرشەکە بەسێ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ئەنجامدراوە و لە ئێستاشدا لێکۆڵینەوە کان دەستیان پێکردووە دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی هێرشەکەش کارێکی زۆر قورس نییە.
دوای هێرشەکە مستەفا کازمی لەپەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند من باشم سوپاس بۆ خوا لەناو گەلەکەمدام و لە پێناو عێراق داوای ئارامی و دان بەخۆداگرتن لە هەمووان دەکەم، میدیاکانی عیراقیش بڵاویانکردەوە کازمی بۆخۆی قاچێکی بریدار بووە وسێ پاسەوانیشی بریندار بوون.