سەدر: مەبەستیانە عێراق هێزە نادەوڵەتییەکان کۆنترۆڵی بکەن

لڤین:
دوای هێرشەکەی سەر ماڵی سەرۆک وەزیرانی عێراق رێبەری رەوتی سەدر ڕایگەیاند، مەبەستیانە عێراق بگەڕێننەوە بۆ دۆخی پشێوی بۆ ئەوەی هێزە نادەوڵەتییەکان کۆنترۆڵی بکەن
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، لە تویتێکدا رایگەیاند: “ئەم کارە تیرۆریستییەی، کە لایەنێکی باڵای وڵاتی کردە ئامانج، بە ئامانجکردنێکی روون و راشکاوە بۆ عێراق و گەلەکەی”.
موقتەدا سەدر لە تویتەکەیدا  نووسیویەتی “مەبەستیانە عێراق بگەڕێننەوە بۆ دۆخی پشێوی بۆ ئەوەی هێزە نادەوڵەتییەکان کۆنترۆڵی بکەن و عێراق بخەنە ژێرباری ئاژاوە و تووندوتیژی و تیرۆر تاوەکو دەرەنجام مەترسییەکان و دەستوەردانە دەرەکییەکانی ئێرە و ئەوێ رووی تێبکات”.
ئەو داوای لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق کرد شان بدەنە بەر ئەم بەرپرسیارێتییە تائەو کاتەی عێراق چاک دەبێتەوە و بەهێزەوە دەگەڕێتەوە.
لەدوای کاتژمێر دووی بەرە بەیانی ئەمڕۆ لە رێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە هێرشکرایە سەر ماڵی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ناوچەی سەوز، دەنگۆی ئەوە هەیە کە خۆی قاجێکی بە سوکی بریندار بووبێت و سێ لە پاسەوانەکانی ماڵەکەشی برینداربووبن، بەڵآم خۆی بە گرتەیەکی ڤیدیۆیی سەلامەتی خۆی و ئەوانەی لەگەڵیدان ڕایگەیاند.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button