“بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر کراوەتە شوێنی خوان و گیپە خواردن”

لڤین:
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی سەرکۆنەی ڕەفتارێکی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر دەکات، بەوەی کە ئۆفیسەکەی کردوەتە شوێنی خوان و داوەتکاریی و گیپە خواردن، ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات کە “ناوەندە تەندروستییەکان بەدەست کادیرە حیزبیەکانی پارتیەوە گەیشتوەتە ئاستی داڕوخان و پوکانەوە”.
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی، وێنە و ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی ئەو کارەوە بڵاو کردوەتەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە “جێگای سەرسوڕمانە کە ئۆفیسی تەندروستی هەولێر بەشێوەیەکی زۆر ناشارستانی و ناتەندروست بەکارهاتوە بۆ خواردنی گیپە و سەروپێ، ئەمە لە کاتێکدایە کە وێنەکانی مەلا مەستەفای بارزانی و مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی لە باکگراوەندەکە دەردەکەوێ”.
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ئەم ڕەفتارانە دەریدەخەن کە دەزگا تەندروستییەکان و پیشەی پیرۆزیی پزیشکی و تەندروستی بەدەست کادیرە حیزبیەکانی پارتیەوە گەیشتوەتە چی ئاستێک لە داڕوخان و پوکانەوە، هاوکات داواش لە بەرپرسانی تەندروستی هەولێر دەکات داوای لێبوردن بکەن لەبەرامبەر ئەم ڕەفتارە ناشرینانە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی سەرکۆنەی ڕەفتارێکی تەندروستی هەولێر دەکات
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە دەست تۆڕەکەمان کەوتوە، بەرپرسانی تەندروستی هەولێر ئۆفیسی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی پارێزگاکەیان کردوەتە شوێنی خواردنی گیپە و سەروپێ.
وەکو لەو وێنەیی لەگەڵ ئەم ڕاگەیاندراوە بڵاویدەکەینەوە، دەردەکەوێ کە تەندروستی هەولێر کراوەتە شوێنی ئەنجامدانی خوان و داوەتکاری.
ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە کە ئۆفیسی تەندروستی هەولێر بەشێوەیەکی زۆر ناشارستانی و ناتەندروست بەکارهاتوە بۆ خواردنی گیپە و سەروپێ، ئەمە لە کاتێکدایە کە وێنەکانی مەلا مەستەفای بارزانی و مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی لە باکگراوەندەکە دەردەکەوێ.
ئێمە بە توندی سەرکۆنەی ئەم ڕەفتارە نا پرۆفیشناڵ و ناشارستانی و نا تەندروستە دەکەین، ئەم جۆرە ڕەفتارانە لە لایەن کادیرە حیزبیەکانی ناو تەندروستی هەولێر ئەوپەڕی بێڕێزی و بێحورمەتیە بەرامبەر بە کاری پیرۆزی تەندروستی، ئەوەش بە بیری کادیرە حیزبیەکانی تەندروستی هەولێر دەهێنینەوە کە وەکو چۆن دەزگا تەندروستییەکان شوێنی حیزبایەتی و سیاسەت نین ئاوەهاش شوێنی گیپە و سەروپێخواردن نین.
ئەم ڕەفتارانە دەریدەخەن کە دەزگا تەندروستییەکان و پیشەی پیرۆزیی پزیشکی و تەندروستی بەدەست کادیرە حیزبیەکانی پارتیەوە گەیشتوەتە چی ئاستێک لە داڕوخان و پوکانەوە.
ئێمە داوا لە بەرپرسانی تەندروستی هەولێر دەکەین کە داوای لێبوردن بکەن لەبەرامبەر ئەم ڕەفتارە ناشرینانە،هاوکات داواش دەکەین کە چیتر دەزگا تەندروستیەکان نەکرێتە شوێنی گیپە خواردن و حیزبایەتی و سیاسەتکردن.
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی