دەمیرتاش: بەراستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەندیمان بە پەکەکەوە نییە

لڤین:
هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) نکۆڵی لەوە دەکات پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەبێت و دەڵێت، بەراستەوخۆ و ناراستەوخۆ پەیوەندییان بەو حزبەوە نییە.
سەلاحەدین دەمیرتاش لە ڕێی پارێزەرەکانیەوە وەڵامی پرسیاری ئاژانسی هەواڵەکانی ئەڵمانی (dpa) دایەوە و لەبارەی پەیوەندیی کەسیی و هەدەپە لەگەڵ پەکەکە دەڵێت “نە خۆم نە هەدەپە، راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەندیمان بە پەکەکە-وە نییە. هەدەپە تەنیا لە رێگەی ئاشتییەوە دەیەوێت کێشەکان چارەسەر بکات بەبێ ئەوەی تووندوتیژی و خوێنڕشتنی لێبکەوێتەوە”.
هاوسەرۆکی پێوشووتری هەدەپە داوایەکی لە بڕیاربەدەستانی ئەڵمانیا کرد وتی “هیوادارم حکومەتی نوێی ئەڵمانیا، خراپیی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا لەبەرچاو بگرێت و لەسەر بنەمای بەهاکانی مافی مرۆڤ لە ئەڵمانیا و ئەوروپا سیاسەتی نوێ بگرێتەبەر”.
جەختی لەوەشکردەوە “تورکیا تەنیا بریتی نییە لە رەجەب تەیب ئەردۆغان. هەوڵەکانی داخستنی هەدەپەش تەنیا هۆشدارییەکە بۆ ئۆپۆزیسیۆن کە ئەگەر دوای دەسەڵاتەکەی ئاکپارتی نەکەون، چارەنووسیان داخستن و دوورخستنەوە دەبێت لە گۆڕەپانی سیاسەت”.
ئەو دەشڵێت “ئەردۆغان بە گیانی نەفرەت و تۆڵەسەندنەوە مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکانم دەکات و خۆی راستەوخۆ ئەو دادگا و دادوەرانەش دەستنیشان دەکات کە لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدان و ئاراستەیان دەکات. بۆیە بێ ئومێدم لە دەرچوونی بڕیارێکی ئەرێنی لە بەرژەوەندیی منەوە”.