زۆرترین تانە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی هەولێر دراوە

لڤین:
بەڕێوەبەری گشتی لە فەرمانگەی پارتە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، زۆرترین تانە لە هەڵبژاردنەکانی هەولێر تۆمارکراوە و لە سلێمانی و دهۆک هیچ تانەیەک نەبووە.
هیمان تەحسین بەگ،لە دیدارێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند: لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بەتایبەت ئەنجامە کۆتاییەکان، 1400 تانە لەو ئەنجامانە دراوە، 70 لەو تانانە قبوڵ کران، هەربۆیە بڕیاری کردنەوەی سندوقەکان درا، بە ئامادەبوونی ڕێکخراوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا و ڕاگەیاندنەکان ئەو سندوقانە ئەژمار کرانەوە.
ئەو وتیشی”کۆمسیۆن وەک دەرفەتێک پاشکۆی تانە دانی- دا بە کاندیدەکان، ئەو پاشکۆی تانانەش لە دوێنێوە دەستکراوە بە وردبینی کردنیان بڕیارە لە ماوەی سێ ڕۆژدا ئەو تانانەش تەواو بکرێن، دوای ئەوە ئێمە وەک کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان سەرجەم ئەو تانانە دەنێرین بۆ دەستەی دادی بۆ هەڵبژاردنەکان لە کۆمسیۆن و ئەوان لەگەڵ ئەنجامەکان سەیری دەکەن بەپێی یاسا دەبێت لە ماوەی 10 ڕۆژدا ئەو دەستەیە کارەکانیان تەواو بکەن، دوای ئەوە ئێمەش ئەنجامەکان بەشێوەیەکی فەرمی دەنێرین بۆ دادگای فیدراڵی”.
هیمان تەحسین بەگ ئاشکراشیکرد “زۆرترین تانە لە شاری هەولێر تۆمارکراوە، لە شاری سلێمانی و دهۆکیش هیچ تانەیەک لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن نەدراوە”.
ئەوەشت وت، بەشێک لە لایەنە شیعەکانی خاوەن گروپی چەکداری جگە لە ئەنجامدانی خۆپیشاندان هاوکات هەڕەشەی ئەوە دەکەن ئەگەر بێت و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن هەڵنەوەشێتەوە و بەمشێوازەی ئێستا لە لایەن دادگای فیدراڵیەوە پەسەند بکرێت ئەوا قبوڵی ناکەن.
بەرپرسەکەی کۆمسیۆن باس لەوەش دەکات: ئەندامانی ئەنجومەن و بەڕێوەبەرە گشتییەکان لە کۆمسیۆن هەڕەشەمان لەسەرە، چونکە بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان دەنگی پێشووی خۆیان نەهێناوەتەوە.
دەشڵێت “ناکەوینە ژێر کاریگەری هەڕەشەکان و کاریگەری لەسەر پەسەندکردن و ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان نابێت کە وا پێشبینی دەکەین لە دوو هەفتەی داهاتوو بەتەواوی ڕابگەیەنرێت”.