بێ دەنگی، ئەم ڕۆژەی خوڵقاند…

ئەوەی چاوەڕوانكراوبوو ڕویدا، دوای قسەكانی مەسروربارزانی، لە ۲٠۲۱/۲/۱٠ لەبارەی ئازادیخوازانی بادینان و هەولێر، كە پێش دادگا حوكمیدان، ئەمڕۆ دادگای هەولێر سزای شەش ساڵ زیندانی، بەسەر بەشێكیاندا سەپاند، كە بەهەمو پێوەرەكان دادگاییەكی سیاسی بوو.

ئەوەی ئەم دەسەڵاتە بنەماڵەییە چەتەییە بناسێت، بەم ڕووداوانە شۆك نابێت و چاوەڕوانكراون، بەتایبەتی لە ئێستای هەژموونی پارتی و بێ ڕۆڵی و موبارەكەی یەكێتی و گۆڕان بە پلەی یەكەم و هێزەكانی تر، بە پلەی دووەم، بەتایبەتی یەكێتی و گۆڕان، بەبێ دەنگی یان بەیانێك ناتوانن شانی خۆیان لە بەرپرسیارێتی خاڵی بكەنەوە.

ئەوەی ئەمڕۆ هەوری گومانی لە دەوری خۆری ئەو ڕاستییە لابرد كە دادگا چەندە لە ژێر هەژمونی پارتیدایە، واز لە یەكێتی بێنە كە لەبەحیزبیكردنی كۆی كایەكان و دادوەریشدا هاوڕای پارتییە، دەپرسین گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتو، شەش پاكێجەكەی چاكسازی ساڵی ۲٠۱۱ تان بیرچوەوە كە یەكێكیان بواری دادوەری و دادگاكان بو؟! ئایا چاكسازی هەر بڕینی ./۲۱موچەیە ئەمە چاكسازییە؟!

ئێستا ئەگەر دادگای تەمیز ئەو حوكمەی ڕەتكردەوە و عەدالەت ڕێچكەی خۆی وەرگرتەوە ئەوا قابیلی قسەیەكی ترە بەپێچەوانەوە ئیتر خەڵك و ئازادیخوازان دەبێت وەخۆبكەون ئەگینا سەرەی هەمووی دێت و ئەوكات بێ دەنگی و ئاگرە سورە لەخۆم دوورە دادی كەس نادات بێ دەنگی دوێنێ ئەمڕۆی خولقاند دڵنیابن بێ دەنگی ئەمڕۆش سبەینێیەكی تاریكتر بەرهەم دێنێت، ئەبێت خەڵك دڵنیابێت كە دەسەڵات و كابینەی نۆیەم بڕیاری خۆیان داوە.

بێ دەنگی و پشتیوانی نەكردنی ئازادیخوازان و بەتەنیا جێ هێشتنیان،هەر ئەم ئەنجامەی دەبێت،پێویستە ئەم ڕاستییانە بڵێین،گلەییەكیش،لە خۆمان بكەین،بۆ ئەوەی سەركەوتوانە ڕوبەڕوی ئەم دەسەڵاتە ببینەوەو گۆڕینی ڕیشەیی ئەنجام بدەین وسیستمێكی دادپەروەر و خزمەتگوزار دابمەزرێنین.

دەسەڵاتی بنەماڵە و كابینەی نۆیەم، وەك شورای پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئەو دەسەڵاتە بەو دادگا و یاسایانەی خۆیان كاردەكەن، كەیس دروست دەكەن و دادگاش یەكلایی دەكاتەوە حاڵ وابڕوات و بێ دەنگی بژاردەمان بێت كەواتە زیندان چارەنوسی هەموومانە.

خاڵێكی تر كە پێویستە ئاماژەی بۆبكرێت، دوای دەیان بەیاننامە و هەوڵ و ئاگاداركردنەوەی ناوەندەكانی داكۆكی مافی مرۆڤ و ئەوروپا و ئەمەریكا و تەنانەت ڤاتیكانیش، كە چی هەر حوكم دران بۆ ئەمە و بۆ بانگەشە ناڕاستەكانی هەرێمیش لەبارەی هەرێمێكی دیموكراسی و مافی مرۆڤ پاراستن جێی خۆیەتی لە گەڵ شێركۆ بێكەس بڵێین:

مافی مرۆڤ، درۆیەبوو
رۆژێ لە رۆژان لە دەمی
هەڵەوەڕی مێژوو، هەڵوەری…

ئەمە بەو مانایە نایەت نائومێدبین، بەڵام پێویستە بەرچاوڕونبین و لەخەباتی مەدەنی بردەوام بین.


شێرکۆ حەمە ئەمین

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button