سەبارەت بە ڕووداوەکەی پارێزگای دیالە یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە

لڤین:

یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان، یەكێتی ناڕەزایەتی خۆی دەردەبڕی بەرانبەر بەو كارە دڕدندانەیە كە لە گوندی (نهر الإمام) ی سوننە مەزهەب لە پارێزگای دیالە لە باكوری بەغداد روویدا.

لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ ( سێ شەممە، ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ ) بەیاننامەی یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان بڵاویکردووەتەوە ئیدانەی ڕوداوەکەی پارێزگای دیالە لە باکوری عێراق دەکات و تێیدا هاتوە،” یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان زۆر بەتوندی ناڕەزایەتی خۆی دەردەبڕێ‌ بەرانبەر بەو قەسابخانە دڕدندانەیە كە دەرهەق بە خەڵكی سیڤیل لە پارێزگای دیالە لە باكوری بەغداد روویدا”.

دەقی بەیاننامەکە:

بەیاننامەی یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان دەربارەی ئەو قەسابخانە دڕندانەیە كە دەرهەق بە كەسانی سیڤیل لە پارێزگای دیالە لە باكوری بەغداد روویدا

یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان زۆر بەتوندی ناڕەزایەتی خۆی دەردەبڕێ‌ بەرانبەر بەو قەسابخانە دڕدندانەیە كە دەرهەق بە خەڵكی سیڤیل لە پارێزگای دیالە لە باكوری بەغداد روویدا.

ئەو كارە بە كارێكی تاوانكاریی و تیرۆریستی و گوناهكاریی وەسفدەكات. هاوكات داوا لە حكومەت دەكات كە ئەمن و ئاسایش و ئارامیی بۆ هەموو هاووڵاتیان دەستەبەر بكات، رێگریی لە میلیشا تیرۆریستی و تایفەگەرییەكان بكات لە كوشتن و نانەوەی فیتنە لە نێوان دانیشتوانی عیراقی مەزندا.

یەكێتی ناڕەزایەتی خۆی دەردەبڕی بەرانبەر بەو كارە دڕدندانەیە كە لە گوندی (نهر الإمام) ی سوننە مەزهەب لە پارێزگای دیالە لە باكوری بەغداد روویدا، كە نزیكەی (20) بیست كەسی بێتاوان و بێ‌ چەك لە نێوان كوژرا و برینداردا بوونە قوربانی، هەروەها سوتاندنی مزگەوتی (الرحمن) و زیانگەیاندن بە چەندین دامەزراوەی گشتی و تایبەت.

هاوكات بووە هۆی ئاوارەبوونی چەندین خێزان لە هەموو هۆزەكان، تەنها لە (گوندی ئیمام 200 خێزان) (گوندی عامریە 55 خێزان)، (گوندی میساقی یەكەم 33 خێزان) (گوندی میساقی دووەم 36 خێزان)، (گوندی رەشاد 25 خێزان)، كە بە هەموویانەوە ئاوارەبوونی (349) خێزانی لێكەوتەوە، ئەو خێزانانەش بە ناچاری هەرچی سەروەت و سامان كەلوپەل و ئۆتۆمبێل و باخ و بێستانیان هەیە جێیانهێشت و میلیشیاكان سوتاندنیان، تەنانەت مەڕ و مانگاو بەڵگە فەرمییەكانی ناسنامەی خێزانیان سوتێنران!

یەكێتی دووپاتیدەكاتەوە كە ئەم كردەوە قێزەونانە زۆر مەترسیدار و تاوانكار و دڕندەن، ئیتر ئەنجامدەرانی هەركەس و هەر لایەنێك ببن، هەروەها بە ئامانجگرتنی شوێنی عیبادەت و كوشتنی كەسانی بێتاوان، كارێكی تاوانكارییە و گوناهبارییەو پێچەوانەی رێنماییەكانی ئیسلامە، بەڵكو پێچەوانەی هەموو ئاینەكانی تریشە كە داوای پارێزگاری لە شوێنی پەرستنەكان دەكەن. بەهەمانشێوە ئەم كردەوانە دژن بە هەموو یاسا نێودەوڵەتییەكان، هەروەها بە سروشتی پاكی مرۆڤایەتی، بە هەموو شەریعەت ئاسمانییەكان، خوای گەورە دەفەرموێ‌: (مَنْ قَتَلَ نَفْسًا بِغَيْرِ نَفْسٍ أَوْ فَسَادٍ فِي الْأَرْضِ فَكَأَنَّمَا قَتَلَ النَّاسَ جَمِيعًا) المائدە 32.

یەكێتی جیهانیی داوا لە هەموو عیراقییەكان دەكات پەلكێش نەكرێن و نەكەونە شوێن تیرۆریستان لە هەر تیرەو تایفەیەك ببن، ئەوەش بە مەبەستی پاراستنی وڵاتەكەیان لە كەوتنەناو ئاگری فیتنەگێڕیی، كە دەبێتە هۆی زیاتربوونی دووبەرەكی و خوێنڕشتن و وێرانیی و ناسەقامگیریی.

هەروەها داوا لە هەموولایەك دەكەین و تكا دەكەین هاوكاری یەكتربن لە پرۆسەی بونیاتنانی راستەقینەدا بۆ بونیاتنانی عیراقی ژیار و زانست و شكۆمەندیی، بۆ دەستەبەركردنی ئاشتی و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی، بۆ پێكەوەژیانی كۆمەڵگایی دوور لە ململانێی تایفەگەریی كە جگە لە تێكچوونی باری وڵات هیچیتری پێ‌ نیە. وَاللَّهُ غَالِبٌ عَلَى أَمْرِهِ وَلَكِنَّ أَكْثَرَ النَّاسِ لَا يَعْلَمُونَ

پ. د. ئەحمەد رەیسونی

سەرۆك

پ. د. عەلی قەرەداغی

ئەمینداری گشتی

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button