وادەی دەستپێکردنی مەشقی لیوا هاوبەشەکانی ئاشکراکرا

لڤین:

بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هەوڵێکی زۆر درا بۆ دروستکردنی لیوایەکی هاوبەش لە نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و وەزارەتی بەرگری عێراق، هەوڵەکان سەرکەوتووبوون و لەمانگی داهاتوودا هێزەکان دەست بە مەشق دەکەن.

سەربەست لەزگین بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ ( دووشەممە، ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ )  لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیاکانی پارتی، ڕایگەیاند،” هەوڵێکی زۆر درا بۆ پێکهێنانی لیوایەکی هاوبەش، بەهەماهەنگی وەزارەتی پێشمەرگە و حکوومەتی عێراق، بۆ ئەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنیان هەیە”.

ئاماژەی بەوەیشدا،” ئێمە هیوامان دەکرد لەکاتی دیاریکراوی خۆییدا دەست بە کارەکانمان بکەین، بەڵام کاری ناوەندەکە بەخاوی دەڕوات، لەگەڵ ئەوەشدا گەیشتینە ئەو قۆناغەی لە مانگی داهاتوودا لیواکان دەست بە ڕاهێنان دەکەن. ڕاشیگەیاند، پێشمەرگە ئامادەیە بۆ هەماهەنگیکردنی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر”.

لەبەشێکی تری لێدوانەکەیدا ئاماژەی بە ڕۆڵی هاوپەیمانان کرد لە پێکهێنانی ئەو لیوا هاوبەشە کرد و ڕایگەیاند،” لە پڕۆسەی پێکهێنانی لیوا هاوبەشەکانی نێوان وەزارەتی و پێشمەرگە وحکوومەتی عێراق هاوپەیمانان هەردەم هاریکار و هەماهەنگ بوون لەگەڵمان، هەروەها گوتی، ئێمە سوپاسی هاوپەیمانان دەکەین، ئەوان زۆر هاوکاری هێزی پێشمەرگەیان کردووە و پێداویستییەکانیان بۆ ئامادەکردووین”.

بریکارەکەی وەزارەتی پێشمەرگە وتیشی،” لەدوای ڕووداوەکانی ئەفغانستانەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەت بەریتانیا و ئەمریکا زیاتر و بوێرانەتر پاڵپشتی و هاوکارییمان دەکەن، هەروەها پێیان ڕاگەیاندووین کە ( جێتان ناهێڵێن ) و وابیرنەکەنەوە ڕووداوێکی هاوشێوەی ئەفغانستان لێرەدا ڕووبدات”.

سەبارەت بە جموجۆڵەکانی ئەم دواییەی ڕێکخراوی داعش،  ڕایگەیاند،” داعش بەهۆی ئەم بێسەروبەرییەی عێراقی قۆزتۆتەوە و جموجۆڵەکانیان زیاتر بووە، بەڵام ئەو شوێنانەی کە هێزەکانی پێشمەرگە دەیپارێزن، پارێزراوترن، ڕاشیگەیاند: داعش نەیتوانیووە لە هیچ ناوچەیەکی ژێر کۆنتڕۆڵێ پێشمەرگە هیچ کردەیەکی تیرۆرست ئەنجام بدات، تەنها لەم ناوچانە نەبێت کە لەژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەتی عێراقی بوونە”.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button