قوباد تاڵە‌بانی: چاكسازییە‌كان بە‌ردە‌وام دە‌بن

لڤین:

جێگرى سەرۆک وە‌زیران، بەئامانجی خزمەتکردنی هاوڵاتیان و باشتر رایکردنى کاروبارەکان و کەمکردنەوەى رۆتین لەدامودەزگاکاندا پرۆسەی بایۆمەتری بەردەوام دەبێت.

قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران پێشوازیکرد لە وەفدێکى باڵاى ئەمریکا بەسەرۆکایەتى گریگۆری لۆگێرفۆ جێگرى سەرۆکى نوێنەرایەتی ئە‌مریكا لە‌ عێراق و کۆنسوڵى گشتى ئەمریکا لە هەرێم، پێکەوە تاوتوێى دوایین گۆڕانکارییەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسی و پرسی هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق و هەنگاوەکانى چاکسازى حکومەتى هەرێمیان کرد.

لە کۆبونەوەکەدا کە ئەمڕۆ ١ى ١١ى ٢٠٢١، لە هەولێر بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران، تێڕوانینەکان لەبارەى پرۆسەى هەڵبژاردنەکان لە عێراق باسکرد و ئاماژەى بەوەدا کە سیستمەکەى ئەمجارە زۆر جیاواز بوو، لەبەر رۆشنایى ئەنجامەکانیش باس لە پێشهاتە سیاسییەکان کرا، هەردوولا جەختیان لە پێویستى دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ و دیالۆگێکى جددیى نێوان لایەنەکان کردەوە.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، گفتوگۆکرا لەبارەى پرۆسەى بایۆمەترى و هەنگاوەکانى چاکسازى حکومەتى هەرێم، لەمڕوەوە قوباد تاڵەبانى ئاماژەى بە قۆناغ و هەنگاوەکاندا و بە چەندین نمونە سەرکەوتنی پرۆسەکەى سەلماند بەئامانجی خزمەتکردنی هاوڵاتیان و باشتر رایکردنى کاروبارەکان و کەمکردنەوەى رۆتین لەدامودەزگاکاندا و جەختى لەوەکردەوە کە لەکارکردن تێیدا بەردەوام دەبن.

پەیوەندیی هاریکاریی و دۆستانەى نێوان هەردوولا تەوەرێکی تری کۆبونەوەکەبوو، وەفدى میوان بەردەوامى پشتیوانى وڵاتەکەیان بۆ سەرخستنى هەنگاوەکانى چاکسازى دووپاتکردەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button