لیزا فەلەکەین وەڵامى رێواز فایەق دەداتەوە

لڤین:

پەرلەمانتارێکی پارتی،  ژنێک خۆى توانا و هێزی نەبێت هەزار پیاوی لەپشت بێت مەحاڵە بتوانێت لە هەڵگرتنی بەرپرسیارییەتی سەرکەوتووبێت.

رێواز فایەق سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان، ئەمڕۆ ( دووشەممە، ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ ) لە وتەیەکدا لە فێستیڤاڵی میدیایی دەنگەکانمان، لە هەولێر،ڕایگەیاند،” کەس دژى ژنان ناوەستێتەوە کاتێک باسى مافەکانیان و هاتنەپێشەوەیان دەکرێت، دەستیان دەگرن تا دەیانبەنە شوێنە، دواتر جێیان دەھێڵن ئەوانەی کە بڕوایان بە مافەکانی ژنان هەیە، لەبەرامبەر لێشاوێک لە ناهەقی، بە تەنیا جێمان دەهێڵن”.

هەروەها وتیشی،” پێویستە ژنان ئەوکاتەش بەجێنەهێڵرێن و بەتەواوى پشتیوانى بکرێن، ئەگەریش رەخنەیان لێ هەبوو پێی بڵێن بۆ ئەوەى بتوانێت بەسەرکەوتویی ئیشەکانى بکات”.

سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەى بەوەشکرد،” بەشى زۆرى ئەو ژنانەى گۆرانى دەلێن یان شانۆکارن و شوێنێک دەبەن بەڕێوە رۆژانە دەیان هەزار جنێویان پێدەدرێت بەتایبەتى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، تەنانەت پیاوانیش کاتێک شەڕ دەکەن جنێو بە ژنەکان دەدەن”.

لەبەرامبەر ئەم لێدوانەی سەرۆکی پەرلەمان، لیزا فەلەکەین پەرلەمانتارى فراکسیۆنى پارتى، لەراگەیەنراوێکدا رایگەیاند، “وابەستەکردنی لێهاتوویی ژن بە هاوکاری و پاڵپشتی پیاوان بەتەواوی بچوککردنەوەی پێگەی ژنە، ئەم مۆدێلە هەنگاوێک دەبێت بۆ ئەوەی هێندەی تر دۆخی ژن بچوک بکرێتەوە و رێگر بێت لەبەردەم هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسی ژن”.

هەروەها ڕایشێگەیاندوە،”لە کایەی سیاسی و ئیداریدا کاتێک ژنێک ئامادەیە دەست بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارییەتی قورس و گەورە ببات بەڵام توانا و هێزی هەڵگرتنی وردە چەوێکیشی نەبێت نەک پیاوێک بەڵکو هەزار پیاوی لەپشت بێت مەحالە بتوانێت لە هەڵگرتنی بەرپرسیارییەتی سەرکەوتووبێت!”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button