رێواز فایەق: من ژنێکی بەهێزم، بەڵام کە پاڵپشتی ژنێکتان کرد بە تەنیا جێی مەهێڵن

لڤین:
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، هێندە پشتیوانی ژنان دەکرێت تا دەیانبەنە شوێنێک دواتر بەجێیان دەهێڵن. لەبەرامبەر لێشاوێک لە ناهەقی، دەشڵێت من ژنێکی بەهێزم بەڵام بۆ لەمودوا وا مەکەن.
رێواز فایەق، لەمیانی بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵی میدیایی دەنگەکانمان، لە هەولێر رایگەیاند: “کەس ناتوانێت بڵێ دژی توانا و هاتنە پێشەوەی ژنانم، هەموویان لەگەڵن. دەستمان دەگرن تا دەمانبەنە شوێنەکە لەوێوە بەجێمان دەهێڵن”.
ئەو وتیشی “ئەوانەی کە بڕوایان بە مافەکانی ژنان هەیە، لەبەرامبەر لێشاوێک لە ناهەقی، بە تەنیا جێمان دەهێڵن. ئەمە بۆ بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک، بەڕێوەبەری کۆمپانیایەک، بۆ وەزیرێک و بۆ بەڕێوەبەرێکی گشتی، تا ئەوێ ئێمەتان خۆشدەوێت کە ئەمانخەنە شوێنێکە، ئیتر لەوێوە جێمان دەهێڵن”.
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وتیشی “داواتان لێدەکەم بۆ من نا، چونکە سوپاس بۆ خوا من ژنێکی بەهێزم، بەڵام بۆ لەمەودوا کە پاڵپشتی ژنێکتان کرد و بردتانە شوێنێک لەوێ بە تەنیا جێی مەهێڵن، پشتیوانی بکەن، ئەگەر سەرکەوتوو نەبوو، گلەییتان لێی هەبوو زانیتان باش نوێنەرایەتیتان ناکات، گرووپ دروست بکەن و بڕۆن پێی بڵێن تۆ سەرکەوتوونیت و دەتوانیت وا ئیش بکەیت”.
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، راشیگەیاند “هەموو ئەو ژنانەی گۆرانی دەڵێن، شانۆکارن یان دامەزراوەیەک بەڕێوەدەبەن، رۆژانە دەیان هەزار جنێویان پێدەدرێت، رۆژانە هەندێک کەس تۆڕی کۆمەڵایەتی بۆ جنێودان بە دایک و خوشک و ژن بەکاردەهێنن. پیاوەکان کە لەنێوان خۆشیان شەڕ دەکەن جنێو بە ژنەکان دەدەن، ئێمە چیمان کردووە ئەو ژنانەی رۆژانە جنێومان پێدەدرێت، هیچ”.