وادەی شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین ڕاگەیەندرا

لڤین:
شارەزایەکی کەشناسی، ئەمشەو شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین و هەورە بروسکە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە و تاوەکو نیوەڕۆی سبەی دووشەممە بەردەوام دەبێت،
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ (یەکشەممە، ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ ) لە ڕاگەیەندراوێکدا،ڕایگەیاند، ” پێشبینی دەکەین کاتەکانی ئەمشەو بەتایبەت دوای نیوەی شەو تا نیوەرۆی سبەی دووشەممە شەپۆلێکی دیکەی بارانبارینی پچڕ پچڕ و ھەورە بروسکە بەشێکی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان بگرێتەوە بەتایبەت بۆ ناوچەکانی سنوری پارێزگای ھەولێر و دھۆک لە ناوچە شاخاوییەکانی ھەردوو پارێزگا کاریگەری زیاتر دەبێت”.
لە بەشێکی تری پێشبینیەکەیدا شارەزای کەشناسیەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ” ھەندێک کات بارانەکە بەخوڕ دەبێت و ھەورە بروسکەی لەگەڵدا دەبێت و رێژەی بارانبارین لەنێوان ٥ تا ١٥ ملیمەتر پێشبینی دەکرێت”.
هەروەها ئەوەشی خستووەتەڕوو، “کاریگەری بەگشتی لە سەر ناوچەکانی دیکەی ھەرێم لاواز دەبێت بە شێوەی نمە باران بۆ بارانێکی کەم و مامناوەند لەھەندێ ناوچەی سنوری پارێزگای سلێمانی و کەرکوک و ئیدارەی راپەرین بەرێژەی ٠.٥ بۆ ٣ ملیمەتر ئەگەری بارانبارین دەبێت، هەروەها لەناوچەکانی گەرمیان و پارێزگای ھەڵەبجە کەش ئاسای دەبێت و کاریگەری نابێت”.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئەو کەشناسە، ” ئەم شەپۆلە بارانبارینە تا نیوەرۆی سبەی دووشەمە ناوبەناو بەردەوامی دەبێت دواتر کەش ئاسایی دەبێتەوە و ئاسمانی ناوچەکە بە نیمچە ھەوری دەمێنێتەوە و پلەکانی گەرماش جێگیر دەبێت و گۆرانکاری بەسەردا نایەت”.
هەروەها بهڕێوبهرایهتی گشتی كهشناسی و بوومهلهرزهزانی ههرێمی كوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاشکرای کردووە،” بە گشتی ئاسمانی هەرێمی کوردستان لە نێوان نیمچە هەور و هەوری تەواو دهبێت، لە هەندێک ناوچە بە تایبەت لە ناوچە شاخاویەکان جار جار نمە باران هەیە”.