گەنجێکی کورد لەسەر سنووری نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا گیان لەدەستدەدات

لڤین:

گەنجێكی کۆچبەری کورد شەوی رابردو لەسەر سنوری نێوان پۆڵەندا و بێلاڕوس گیانی لەدەستدا، باوكی ڕایگەیاند، كوڕەكەی نەخۆشی شەكرەی هەبوەو داوا لە لەلایەنە پەیوەندیدارەکانیش دەکات هاوکاریان بکەن بۆ هێنانەوەی تەرمەکەی.

گەیلان دلێر ئیسماعیل، تەمەن ٢٥ ساڵ، کە دانیشتوی گەڕەکی فەرمانبەرانی شاری هەولێر بو، شەوی رابردو لەسەر سنووری نێوان پۆڵەندا و بێلاڕوس گیانی لەدەستداوە.

دلێر ئیسماعیل، باوکی گەیلان بە میدیاکانی راگەیاند،” کوڕەکەم رۆژی 14ی ئەم مانگە لەگەڵ دو براو خوشکێکی و زاوایەکمان بەڕەسمی گەشتیان کرد بۆ بێلاڕوس، بەڵام گەیلان شەوی رابردو لەسەر سنوری نێوان پۆڵەندا و بێلاڕوس گیانی لەدەستداوە و تاوەکو ئێستاش تەرمەکەی هەر لەسەر سنورە”.

سەبارەت بە هۆکاری گیانلەدەستدانی کوڕەکەی، دلێر ئیسماعیل وتی،” کوڕەکەم نەخۆشیی شەکرەی هەبو، دەرمانی دو مانگی لەگەڵ خۆی بردبو، بەڵام دەرمانەکانی لە جانتای زاواکەمان دابو، ئەویش لەوێ لێی دابڕاوە، بەهۆی نەمانی چارەسەرەکانی، گیانی لەدەستداوە”.

لە بەشێکی تری لێدوانەەیدا باوکی گەیلان ئاماژەی بەوەدا،” شەوی رابردو تەندروستیی گەیلان تێکچوە، براکانی ویستویانە لە سنوری بێلاڕوس بیپەڕێننەوە و لە نەخۆشخانەیەکی پۆڵەندا چارەسەری بکەن، دوای بڕینی سنور لەلایەن پۆلیسی پۆڵەندییەوە دەستگیرکراون و نێردراونەتەوە بۆ نێو خاکی بێلاڕوس”.

دلێر ئیسماعیل وتیشی، منداڵەکانی،” کە 14ی ئەم مانگە کوردستانیان جێهێشتوە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 30 هەزار دۆلاریان خەرجکردوە و هێشتا هەر لە بێلاڕوسن، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، هاوکاریان بکەن بۆ هێنانەوەی تەرمی کوڕەکەی بۆ کوردستان”.

ماوەی چەند مانگێكە هاوڵاتیانی هەرێم بۆ گەیشتنیان بە وڵاتانی ئەوڕوپا، ڕێگای بیلاڕوسیا بەكاردەهێنن و لە ئێستادا ئەو ڕێگایە بووتە خەتێكی پڕجموجوڵی پەنابەران، بەڵام بەپێی ڕاگەیەندراوێكی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری پەنابەران، ڕێگاكە سەلامەتنیە و مەترسیدارە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button