وەزارەتی دارایی: دواكەوتنی موچە كەمی پارەی نەختێنەی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و ڕاپەڕینە

لڤین:
وەزارەتی دارایی،كەمی سیولە و داهات لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و ڕاپەڕین بەربەستێكە بۆ دواكەوتنی موچە و بەرەوپێشچوونی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی هاوڵاتیان.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک بڵاوی کردووەتەوە، وەزارەتی دارایی ڕایگەیاندوە،” سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە 28/10/2021 بەڕێز ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری سەردانی پارێزگای سلێمانی كرد و لەگەڵ بەڕێز دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و ئەو فەرمانگانەی تایبەتمهندن بە كۆكردنەوەی داهات، كۆبووەوە”.
هەروەها هاتوە،” لە كۆبوونەوەكەدا، بەڕێز ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری باسی لە كێشەی كەمی پارەی نەختێنە(سیولە)كرد. كە كەمی سیولە و داهات لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و ڕاپەڕین بەربەستێكە بۆ دواكەوتنی موچە و بەرەوپێشچوونی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی هاوڵاتیان”.
ئاماژە بەوەیشدراوە،”لای خۆشیانەوە، بەرێز دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، سوپاس خەمخۆری وەزیری دارایی و ئابوری كرد بۆ سنوورەكە. پشت ڕاستیكردەوە كە هەموومان پێكەوە دەتوانن چارەسەری ئەو كەموكورتیانە بكەن”.
وەزیری دارایی و ئابوری ڕایگەیاندوە،” بە پێشخستنی جوڵەی بازرگانی لە سنوورەكە و كارئاسانی بۆ بازرگانن و هاوڵاتیان دەتوانین داهات زیاد بكەین و كەمی پارەی نەختێنەیش نەبێتە ڕێگر”.
لە کۆتایدا هاتوە،” پێشتریش لە بەرواری ( 25ی ئۆكتۆبەری 2021 ) لە دیوانی وەزارەت، بەڕێز ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری لەگەڵ بەڕێوبەرایەتییەكانی باجەكان و خانوبەری میری سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین لەسەر نەبوونی سیولەی سنوورەكە كۆبووەوە”.