کارگەی غازی پەرلەمانتارەکەی پارتی سزادرا

لڤین:

بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی سلێمانی،  كارگەی غازی شارەزور كە خاوەنەكەی هەڵكەوت ئەنوەر خەلیفە، پەرلەمانی پارتییە لە پەرلەمانی كوردستان، لەبەر فرۆشتنەوەی ئەو بڕە غازەی بۆی دابین کرابو بەفەلی و لەدەرەوەی کارگە، سزادراوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە میانەی دانیشتنی پەرلەماندا هەڵکەوت لالە ئەنوەر، خاوەنی کارگەی غازی شارەزوور و ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ئەوەی ئاشکراکرد کە کارگەی غازی هەیە و بەهۆی ئەوەی پارتییە و پشك ناداتە كۆمپانیای نۆكان لە سلێمانی بڕی غازی پێویستی غازی پێنادەن.

ئەمڕۆ  (پێنجشەممە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ ) لە نوسراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی سلێمانی،ڕایگەیاندوە ، “کارگەی غازی شارەزوور لە بەرواری 11ی تشرینی یەکەمی 2021، بڕی 20 تۆن و 80 کیلۆگرام غازی حکومی وەرگرتووە و ڕاستەوخۆ بە فەلی فرۆشتوویەتییەوە بەبێ ئەوەی بەسەر هاووڵاتیان دابەشی بکات”.

لە بەشێکی تری نوسراوەکەدا هاتوە،” بۆیە بڕیاردراوە بە پێ بژاردنی كارگەی ناوبراو بە بڕی یەك ملیۆن دینارو هەروەها گەڕاندنەوەی بڕی ئەو غازەی ئاماژەی بۆ كراوە لەلایەن كارگەكەوەو دابەشكردنی بەسەر هاوڵاتیاندا بەنرخی رەسمی و لەژێر چاودێری بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی سلێمانیدا”.

هەروەها لە نوسراوەکەدا هاتوە،” هەروەك بڕیاریش دراوە بە وەرگرتنی بەڵێننامەی رەسمی لە كارگەی ناوبراو كە كاری لەو شێوەیە دوبارە نەكاتەوە”.

لە کۆتایی نوسراوەکەدا هاتوە،” بەشە غازی كارگە رادەگیرێت تاوەكو ئەو بڕە غازەی لە نوسراوەكەدا ئاماژەی پێكراوە دەگەڕێنێتەوە”.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button