ئارام محەمەد:نمرەیەکی بەرزی زۆر هاتووە و پەیوەندی بە هەوڵ و ماندوبونەوە نییە

لڤین:
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی ڕایگەیاند، ئەو كۆنمرانەی بە دەستهاتوون لە ئەنجامی زیرەكی خوێندكارەوە نییە و دەبێت دیراسە بکرێت، وتیشی، هەوڵی چارەسەر كردنی كورسی ئەوانە دەدەین كە كۆنمرەیان ٩٩یە.
ئارام محەمەد قادر، و لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بۆ ئەمساڵ ڕەنگە بتوانین هاوكاربین چارەسەرێك بدۆزینەوە، بەڵام كێشەكە گەورەیە و تەنها كێشە كۆلێژی پزیشكی نییە و نمرەیەکی بەرزی زۆر هاتووە و پێویستی بە دیراسات هەیە، ئەگەر پەیوەندیی بە زانست و مەعریفە و هەوڵ و ماندوبوونی خوێندكاران بێت جێگای دڵخۆشییە، بەڵام وانییە.
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتیشی: هەندێك كێشە كە پەیوەندی بە سیستمی خوێندن و پەوەردەوەیە هەیە، پێموانییە لە یابانیش ٤٢ خوێندکار ١٠٠ بێنێت، لەسەردەمی ئێمەدا بەرزترین كۆنمرە ٨٩ بووە، ئێستا ئەوانەی سەرووی ٩٠ هێناوە هەزارانە، بۆیە تەنها كێشە كۆلێژی پزیشكی نییە و كێشەكە هەموو بەشەكانی ترە.
وتیشی: دوای ئەوەی داوای ئەنجومەنی زانكۆكانمان پێگەیشت، پشتگیریی ئەوانە دەكەین ٩٩ یان هێناوە و هیوادارین بتوانین چارەسەری ئەو چەند كورسییە بكەین، كە ماونەتەوە.