سەندیکای هونەرمەندان داوای ڕاگرتنی بڵاوکردنەوەی کلیپێک دەکات

لڤین:
سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان داوا لە وەزارەتی رۆشنبیری و وەزارەتی پەروەردە کردووە، بەهۆی ئەوەی ڤیدیۆکلیپێکی هەڵکەوت زاهیر بە ناوی “مەدرەسە” رابگرێت لەبەر ئەوەی لەڕووی پەروەردەییەوە کاریگەری خراپی هەیە و لەڕووی هونەریشەوە لاوازە.
لەنوسراوێکدا کە 27ی ئەم مانگە بەواژۆی نیاز محەمەد، سەرۆکی سەندیکان هونەرمەندانی کوردستان دەرچووە و ئاڕاستەی هەردوو وەزارەتی رۆشنبیری و پەروەردەی کردووە رایگەیاندووە “ماوەی چەند رۆژێکە کلیپێک بڵاوبوەتەوە کە لۆکەیشنەکەی پۆلێکی قوتابخانەیە و وشەکانی باس لە پەیوەندی نێوان مامۆستا و خویندکار دەکات بە شێوەیەکی ناپەروەردەیی”.
ئەو کلیپە کە لەبەرهەمهێنانی هەڵکەوت زاهیر و گروپەکەیەتی بە بڕوای سەندیکای هونەرمەندان کاریگەری خراپی لە روی پەروەردەییەوە هەیە.
سەندیکای هونەرمەندان ئاماژەی بەوەشکردووە، کارەکە لەڕوی هونەریشەوە لاوازە، بۆیە داواکارین لە هەردوو وەزارەتی رۆشنبیری و پەروەردە کە رێکاری یاسایی بگرنەبەر بۆ راگرتنی ئەو کلیپە.