ناوەڕۆكی كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم

لڤین:
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بڕیاریدا بە داشکاندنی ڕێژەی ١٥٪ی قەرزی کرێی کارەباو وەزارەتە پەیوەندیدارەکانیشی راسپارد، ئاسانکاریی تەواو بکەن و مۆڵەت بدەن بە هەمو ئەو کەس و کۆمپانیایانەی کە ئامادەن سوتەمەنی بە نرخی گونجاو، هاوردەی هەرێم بکەن، بە مەرجی پابەندبون بە پێوەرەکانی کوالیتی سوتەمەنی هاوردەکراو و سەلامەتی و تەندروستیی گشتيی هاوڵاتیان.
ئەمڕۆ ( چوارشەممە ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ )،ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئەنجامدا.
بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم، لە بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەکەدا، کەمال محەمەد، وەزیری کارەبا، ڕاپۆرتێکی دەربارەی هەنگاو و پڕۆژەکانی وەزارەتی کارەبا بۆ ڕێکخستنەوەی کارەبای نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان و بەرەوپێشچون و ئاستەنگەکان خستەڕو، هەروەها باسی لەو پڕۆژانە کرد کە تایبەتن بە هاوبەشيپێکردنی کەرتی تایبەت، لە قۆناغەکانی دابەشکردن و گواستنەوەی کارەباو کۆکردنەوەی داهاتی کارەبا .
ئاماژە بەوەیشدراوە،” ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی کارەبای ڕاسپارد کە ئامادەسازیی بکەن بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاریی کارەبا بۆ هاوڵاتیان لە وەرزی سەرما و کۆنتڕۆڵکردنی بەفیڕۆچونی کارەبای بەرهەمهاتو”.
هەروەها هاتوە،” لە سەر پێشنیاری ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاریدا بە داشکاندنی ڕێژەی 15٪ی قەرزی کرێی کارەبا و سزادانی دواکەوتن و سەرپێچی کارەبا بۆ ئەو هاوڵاتییانەی تا رێککەوتی 2021/12/31 بڕی پارەی پێویست دەدەن کە لە ئەستۆیانە، بڕیارەکەش لە 1ی 11وە جێبەجێ دەکرێت”.
ئەنجومەنی وەزیران جەختیشی کردەوە کە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان کاربکات بۆ کۆتاییهێنان بە سوتاندنی ئەو غازەی کە هاوەڵی نەوتی بەرهەمهاتوە لە کێڵگە نەوتییەکان و پێویستە بەکاربهێنرێتەوە وەک سەرچاوەی سوتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا.
بڕگەی دوەمی کۆبونەوەکە، بریتی بو لە خستنەڕوی ڕاپۆرتێک لە لایەن سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی کە تایبەت بو بە دوا ئامارەکانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و ڕێژەی کوتانی هاوڵاتییان بە ڤاکسین، بەتایبەتیش فەرمانبەران و مامۆستایان. هەروەها خستنەڕوی بڕیارەکانی دوا کۆبونەوەی لیژنەی باڵای ڕوبونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا .لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە چاوەڕوانی هەڵکشانێکی دیکەی ژمارەی توشبوان لە هەرێمی کوردستان کە شەپۆلی چوارەمە و پێشبینی دەکرێت لە مانگی داهاتوەوە دەست پێ بکات،ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانی لە بڕیارەکانی لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبونەوەی پەتای کۆرۆنا دەکات و وەزارەتەکانی ڕاسپارد بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە.
ئەنجومەنی وەزیران، داوا لە هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکات، پابەند بن بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان و خۆکوتاندن بە ڤاکسینی دژە کۆرۆنا، کە تا ئێستا ڕێژەی کوتانەکە وەک پێویست نیەو دەبێت فەرمانبەران وکارمەندانی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، تا کۆتایی ئەمساڵ ، ڤاکسینی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە خۆیان بدەن و بەستنی ماسکیش لە شوێنە گشتیەکان ئیجباریی دەبێت. داواش لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرا کە بەردەوام بن لە هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و هاندانی هاوڵاتییان بۆ پابەندبون بە ڕێنماییەکان و خۆپارێزی و سەردانی بنکەکانی لێدانی ڤاکسین بۆ وەرگرتنی ڤاکسین.
لە بڕگەی کۆتاییدا ، کەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتیەکان، باسی لە دوا هەنگاوەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان كرد بۆ چارەسەرکردنی بابەتی گرانبونی نرخی سوتەمەنییەکان لە هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگی لە گەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ.
ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانەسروشتیەکانی ڕاسپارد، کە لە هەوڵەکانیان بەردەوام بن بۆ چارەسەری ئەم بابەتە، هەروەها وەزارەتە پەیوەندیدارەکانیشی ڕاسپارد کە ئاسانکاریی تەواو بکەن و مۆڵەت بدەن بەو کەس و کۆمپانیایانەی کە ئامادەن سوتەمەنی بە نرخی گونجاو هاوردەی هەرێم بکەن بە مەرجی پابەندبون بە پێوەرەکانی کوالیتی سوتەمەنی هاوردەکراو و سەلامەتی و تەندروستیی گشتی هاوڵاتیان.
سەبارەت بە دابین کردنی نەوتی سپی، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی ڕاسپارد کە هەوڵەکانیان چڕبکەنەوەو پەلە بکەن لە گەیاندنی نەوتی سپی بە ناوچە شاخاویی و ساردەکان پێش هاتنی سەرمای زستان و پەلەکردن لە دابەشکردنی ئەو نەوتە سپییەی ئێستا لە بەردەستی وەزارەتەو لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە کڕدراوە، ئەمە سەرەڕای هەماهەنگيكردن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵی، هەروەها وەزارەتی دارایی و ئابوریش ڕاسپێردرا، بۆ تەرخانکردنی پارەی پێویست، بۆ پشتیوانی دابینکردنی نەوتی سپی تا بە نرخێکی گونجاو بگاتە دەستی هاوڵاتیيان.