مەسرور بارزانی: دەبێت فەرمانبەرانی هەرێم داوای پاشەکەوتی موچە لە بەغداد بکەن

لڤین:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە حكومەتی ئێمە هیچ موچەیەك پاشەكەوت نەكراوە لەم كابینەیە، ئەوەی پێشتریش پاشەكەوت كراوە كەس نەیوتوە مافی هاوڵاتییان و موچەخۆران دەخورێت.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ ( چوارشەممە، ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ ) لەمیانی بەشداریكردنی لە دیداری ئینستیتیوتی مێری، رایگەیاند،” لە حكومەتی ئێمە هیچ موچەیەك پاشەكەوت نەكراوە لەم كابینەیە، ئەوەی پێشتریش پاشەكەوت كراوە كەس نەیوتوە مافی هاوڵاتییان و موچەخۆران دەخورێت. با واز لە عاتیفە بهێنین، حكومەت چەند پارەی هەیە و دەتوانێت چەند پارە بداتەوە؟ هیوادارم لە دەسەڵاتی بەغدا ئەم پرسیارە بكرێت، لە ( 2014 تا 2017 ) حكومەتی عێراق هیچ پارەیەكی بۆ كوردستان نەنارد و حكومەتی هەرێم ناچار بو قەرز لەو كۆمپانیایانە بكات كە نەوت لە هەرێمی كوردستان دەكڕن”.

لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا ڕایگەیاند،”من داوا دەكەم هەمومان داوای مافی خۆمان لە بەغدا بكەین كە ئەو موچانەی پاشەكەوت كراون یان نەدراون، حكومەتی بەغدا ناچار بكرێت ئەو پارەیە بۆ موچەخۆران بگەڕێنێتەوە، ئەوەی پێمانكراوە كردومانە، بەهیچ شێوەیەك بەرنامەی حكومەت نەبوە پارەی موچەخۆران نەدات”.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند،” ئێمە ملیۆنێك و نزیكەی 200 هەزار موچەخۆرمان هەیە، چەند هاوڵاتیمان هەیە؟ شەش بۆ حەوت ملیۆن هاوڵاتی بە ناوچە دابڕێندراوەكانیشەوە هەن، ئایا حكومەت تەنیا حكومەتی موچەخۆرە یان هەمو هاوڵاتییانە؟ ئایا ئەوانەی موچەخۆر نین مافی ئەوەیان نییە خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەكانیان بۆ دابین بكرێت؟ ناتوانین پێنج ملیۆن كەس بكەینە قوربانی ملیۆنێك موچەخۆر. لە هەمان كاتدا ئەولەویەتمان بە موچە داوە، ئەركی حكومەتە موچە بدات، بەڵام مافی موچەخۆران لە لایەن حكومەتی فیدرالەوە راگیراوەو نەدراوە، لە لایەكی دیكەشەوە كاری حكومەتە مافی هەمو هاوڵاتییان بدات بە موچەخۆرو ناموچەخۆریشەوە”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button