ئومێد خۆشناو: هیچ گەڕەکێک ناخرێتە سەر قەزای عەنکاوە

لڤین:
ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ناحیەی عەنکاوە و پیرمامی کردە قەزا و پارێزگاری هەولێریش رایگەیاند هیچ گەڕەکێکی هەولێر ناچێتە سەر عەنکاوە و سنورەکەی وەک خۆی دەمێنێتەوە.
ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ کۆبونەوەی ئاسایی ژمارە 93ی خۆی ئەنجامدا، بڕیاری بە قەزابونی هەردو ناحیەی پیرمام و عەنکاوە خرایە دەنگدانەوە و بەکۆی دەنگ پەسەندکران.
بەگوێرەی بڕیارەکە پارێزگای هەولێر رادەسپێردرێت رێکارە ئیدارییەکان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە بەهاوکاری وەزارەتی ناوخۆ بگرێتەبەر.
ئومێد خۆشناو، دوای بڕیارەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، دڵنیایدا لەوەی کە هیچ گەڕەک و ناوچەیەک ناخرێتە سەر عەنکاوە و سنورە جوگرافیەکەی وەک خۆی دەپارێزرێت.
ئەو وتیشی کێشەی هەندێک لە زەری هاوڵاتیانە مەسیحی لەو ناوچەیە چارەسەر دەکرێن و پێشتریش سەرۆک حکومەتی هەریم ئەو بەڵێنەیداوە.