ئێران ڕێنماییەکانی سەردانی وڵاتەکەی بڵاودەکاتەوە

لڤین:
کونسوڵخانەی ئێران لە ھەولێر رایگەیاند، ئەو گەشتیارانەی بەنیازن سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێران بکەن پێویستە کارتی وەرگرتنی ڤاکسین و بەڵگەنامەی پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنایان پێبێت.
کونسوڵخانەی ئێران لە ھەولێر لەراگەیەنراوێکدا دەڵێت “ئەو گەشتیارانە ئاگادار دەکەینەوە کە بەنیازن ڤیزای گەشتیاری ئێران وەربگرن، پێویستە لە ئەمڕۆ شەممەوە پابەندی بڕیار و رێنماییەکان و پرۆتۆکۆڵی تەندروستیبن، کە لە لایەن وەزارەتی تەندروستی وڵاتەکەوە دەرچووە”.
بگوێرەی رێنماییەکان دەبێت گەشتیارە بیانییەکان کە دەچنە ئێرانەوە لە تەواوی رێگاکانی زەمینی، دەریایی و ئاسمانی کارتی ڤاکسینی کۆرۆنا کە لە کوتانی دۆزی دووەم بە لایەنیکەم 15 رۆژ تێپەر بوبێت و راپۆرتی نێگەتیڤی پشکنینی کۆرۆنا (PCR)ی هەبێت کە ماوەکەی لە 96 کاتژمێر تێپەری نەکردبێت و پێشکەشی کونسوڵخانەی ئێرانی بکەن.