خانوە زیادەڕۆکانی پێش ساڵی 2021 تاپۆ دەکرێن

لڤین:
قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، یاسای ھەموارکراوی پەرلەمانی کوردستان کە تایبەتە بە زیادەڕۆیی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوەو کێشە و گیروگرفتی زیادەڕۆیی لە سلێمانی بەپێی یاسا چارەسەر دەکرێت.
راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەری ناحیەکانی بازیان و بەکرەجۆ و تانجەرۆ و لیژنەی یاسایی قائیمقامیەتی سلێمانی کۆبوەوە و رێکارەکانی چارەسەرکردنی کێشەی زیادەڕۆیی لە سنوری قائیمقامیەتی سلێمانی گفتوگۆی لە بارەوە کرا.
قائیمقامی سلێمانی باسی لەوەکرد “بەپێی یاسای ژمارە 3 ھەموارکراوی ساڵی 2019 پەرلەمانی کوردستان کە تایبەتە بە مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەی زیادەڕۆیی، قائیمقامیەتی سلێمانی بە ھەماھەنگی شارەوانی سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەست بەکاردەبن بۆ جێ بەجێکردنی یاساکەو بەشێوەیەکی یاسای و بەپشت بەستن بە یاساکە ھەنگاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زیادەڕۆیی دەنێن”.
ئاوات محەمەد وتیشی “بەڕەچاوگرتنی یاساکە رێگری تەواو لە ھەمو جۆرە زیادەڕۆییەک دەکەن و چاوپۆشی لە ھیچ کەس و لایەنێک ناکرێت و یاساکە وەک خۆی بەسەر ھەمواندا جێ بەجێ دەکەن”.
بەپێی یاسا ھەموارکراوەکە ئەو خانوە نیشتەجێ وانەی بەر لە 31-12-2020، بەشێوەی زیادەڕۆیی دروستکراوە بەبڕێک پارە تاپۆدەکرێن و دەکرێن بە ناویانەوە و ئەو خانوانەش دەکەونە سنوری خزمەتگوزاری بە پارچەیەک زەوی قەرەبو دەکرێنەوەو ئەو خانوانەش دوای ئەو رێکەوتە دروست کرابێت ئەو رێنمایانە نایانگرێتەوە و بەپێی یاساکەش ھەر خانوویەک لە دوای ئەو رێکەوتە دروست کرابێت نایاساییە و قەرەبوش نایانگرێتەوە و لەمەودواش رێگری لەھەمو جۆرە زیادەڕۆییەک دەکرێت.