بەرهەم ساڵح و حەلبوسی سەبارەت بە هێرشەکەی سەر هەولێر پەیامیان بڵاو کردەوە

لڤین:
سەرۆک کۆماری عێراق، لەبارەی هێرشە موشەکییەکەی شەوی رابردو بۆسەر هەولێر پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەئامانجگرتنی ھەولێر، نمونەی گرژیی و ئاڵۆزییەکی مەترسیدار و کارێکی تیرۆرستانەی تاوانکارانەیە و ئامانجی پەکخستنی ھەوڵە نیشتیمانیەکانە، هاوکات سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش ڕایگەیاند، کە هێرشەکە پێشهاتێکی مەترسیدارە.
بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر لەبارەی هێرشە موشەکییەکەی سەر هەولێر رایگەیاند، “بەئامانجگرتنی ھەولێر، نمونەی گرژیی و ئاڵۆزیەکی مەترسیدار و کارێکی تیرۆرستانەی تاوانکارانەیە و ئامانجی پەکخستنی ھەوڵە نیشتیمانیەکانە، کە بۆ پارێزگاری لەئاسایشی وڵات و سەلامەتی ھاونیشتیمانیان خراوەتەگەڕ”.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە”ھیچ بژاردەیەکمان نیە جگە لەچڕکردنەوە ھەوڵەکانمان بۆتێکشکاندن و گەمارۆدانی ھێزی تیرۆرستان و پەکخستن و پوچەڵکردنەوەی ھەوڵە نەزۆکەکانیان، کە دەخوازن بەھۆیانەوە وڵات بەرەو ئاژاوەگێڕی ببەن”.
هەروەها ئەوەشی خستوەتەڕوو، کە “ئەوە جەنگی دەوڵەت و سەروەرییە دژی تیرۆرستان و ھەڵگەڕاوان لە یاسا”.
هەر دەربارەی هێرشەکە محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، وێڕای ئیدانەکردنی هێرشەکە و لەقەڵەمدانی کردەوەکە بە کارێکی تیرۆرستی رایگەیاند “ئەم کارە تاوانکارییە پێشهاتێکی مەترسیدارە بۆ بەئامانجگرتنی ئاسایشی وڵات”.
هاوکات داواشی کرد، کە هەموو لایەک هاوکار بن لەپێناو پاراستنی سەقامگیریی و سەروەری عێراق و توندترین سزای ئەو کەسانە بدرێت کە دەستدرێژی دەکەنە سەر ئاسایشی نیشتیمان و هاوڵاتیان.
شەوی رابردوو هێرشێکی موشەکی کرایە سەر شاری هەولێر و بەهۆیەوە سەربازێکی هاوپەیمانان کوژرا و چەندین کەسی دیکەش برینداربوون، دوای هێرشەکەش گروپێکی چەکدار بەناوی “سرایا أولیاو الدم” كە خۆی بەخاوەنی خوێنی سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس دەزانێت بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشە موشەكییەكە ڕاگەیاند.