بەدەل بەرواری ئازاد دەکرێت
نوێکراوەتەوە .. ساڵێک زیندانی بەسەر ئومێد بەرۆشکی و بەدەل بەرواری سەپێندرا

لڤین:
بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی سزای ساڵێک زیندانیان بەسەردا سەپێندراو بەوەش بەدەل بەرواری ئازاد دەکرێت و ئومێد بەرۆشکی بۆ سزای شەش دۆسیەی دیکە دەبرێتەوە دهۆک.
هەرێم رەفعەت، ئەندامی تیمی پارێزەرانی بادینان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: دادگاییکردنی دوو لە گیراوانی بادینان بەڕێوەچوو، بەڵام دیاربوو دادگا بە پێویستی زانی مادەکەیان بگۆڕێ بە مادەی 222 لە یاسای سزادان.
ئەو وتیشی، تۆمەتەکانیان روبەڕووکرایەوە، هەموو ئەو تۆمەتانەی ئەنجومەنی ئاسایش خستبویە ڕوو، دەرکەوت هیچ یەکێک لەو زانیاریانە راست نەبوون.
ئەوەشی وت تۆمەتی یارمەتیدانی پەکەکەیان خرابووە پاڵ کە ئەوەش بە گوێرەی یاسا لەبەر ئەوەی هیچ بڕیار و یاسایەک نییە بۆ بە قەدەغەکردنی ئەو حزبە بۆیە هاوکاریکردنیشیان بە تاوان دانانرێت لە ڕووی یاساییەوە.
هەرێم رەفعەت وتیشی: دادگا ماوەی ساڵێک زیندانی بەسەردا سەپاندن، هەرچەندە دەبوو ئەو بڕیارەش بە راگرتن بووایە.
بە گوێرەی بڕیاری دادگا کە بە دەل بەرواری لە 22.10.2020وە دەستگیرکراوە، بۆ ماوەی ساڵێک زیندانی دەکرێت بەو هۆیەوە دوای سێ رۆژی دیکە سزاکەی تەواو دەبێت.
هاوکات ئومێد بەرۆشکی، کە ئەمڕ سزای ساڵێک زیندانی بەسەردا سەپێندرا، بە هەمان شێوە دەبوو ئازاد برایە، بەڵام بە هۆی ئەوەی زیاتر لە دوو ساڵ زیندانی دیکەی لەسەر شەش دۆسیەی دیکە لەسەرە شوێنی زیندانیکردنەکەی دەگواسترێتەوە بۆ دهۆک.
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان – لقی دهۆک، ساڵی 2020 زیاتر لە 300 مامۆستا و چالاکوان و بەشداربووی گردبوونەوەکانی ناڕەزایەتی لە دهۆک دەستگیرکراون و بەشێکیان دوای ئازادکراون، بەڵام تا ئێستا چارەنووسی زیاتر لە 50 کەس نادیارە.
زیندانیانی بادینان ژمارەیان 82 کەسە و زۆرینەیان زیاتر لە ساڵێکە لە زینداندان و پێشتر سزای حەوت ساڵ زیندانی بۆ پێنج دەستگیرکراوی دیکە دەرچووە، قارەمان شوکریش سزای حەوت ساڵ زیندانی بۆ دەرچووە و ئەمڕۆش بڕیاری کۆتایی بۆ ئەو دوو زیندانیە دەرچوو، بەوەش زیاتر لە 70 زیندانیکراو ماونەتەوە لە زیندان کە دادگاییان بەڕێوە نەچووە.