وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: زۆر تووڕەین لە هێرشە موشەکییەکەی سەر هەرێم

لڤین:

لە کاردانەوەی هێرشە موشەکییەکەی سەر هەولێر، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕایگەیاند، زۆر تووڕەین لە هێرشە موشەکییەکەی سەر هەرێمی کوردستانی عێراق.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەموشەکییەکانی شەوی رابردووی سەر شاری هەولێر بڵاوکردەوە.

لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە پەیوەندی بە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کردووە و پاڵپشتی بۆ هەموو هەوڵێک دووپاتکردووەتەوە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە ئەنجامبدەن و ئەوانەی دەستیشیان لە هێرشەکەدا هەیە سزایان بدەن.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕایگەیاندووە کە “زۆر تووڕەین لە هێرشی مووشەکی سەر هەرێمی کوردستانی عێراق” هەروەها دەڵێت: “ئاماژە هەن بەڵێندەرێکی سڤیل لەو هێرشەدا کوژرابێت و چەند ئەندامێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و سەربازێکی ئەمریکی و چەند بەڵێندەرێکی ئەمریکی برینداربووبن”.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هاوخەمی خۆشی بۆ کەسوکاری بەڵێندەرەکە دەربڕیوە، کە لەو هێرشەدا کوژراوە، هاوکات هاوخەمی خۆشی بۆ خەڵکی عێراق و کەسوکاری ئەوانەش دەربڕیوە کە “بەدەست ئەو کردەوە تووندڕەوە دڕندانەیە ئازاریان چەشتووە.”

شەوی ڕابردوو چەند مووشەکێک لە چەند شوێنێکی نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر و گەڕەکێکی شارەکە کەوتنەخوارەوە.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button