ئومێد بەرۆشکی شەش مانگی دیکە زیندانی بەسەردا سەپێندرا

لڤین:

ئومێد بەرۆشکی شەش مانگی دیکە سزای زیندانی بەسەردا سەپێندراو دانیشتنێکی دیکەی دادگاییەکەی کە بڕیاربوو سبەینێ بەڕێوە بچێت بە بۆنەی پشووەوە دواخرا. 

پارێزەر رێڤینگ هروری رایگەیاند: ئەمڕۆ 17.10.2021 لەسەر سکاڵای پەرلەمانتارێکی پارتی ئومێد بەرۆشکی شەش مانگی دیکە سزای زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

سکاڵاکەی سەر ئەو دەستگیرکراوەی بادینان لەلایەن ئیحسان محەمەد سەلیم پەرلەمانتاری پارتی تۆمار کراوە و بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن سزادراوە.

ئەو پارێزەرە دەشڵێت ئەو بڕیارە ناداتپەروەرانە بووە دەبوو بە گوێرەی یاسای کاری رۆژنامەوانی دادگایی بکرێت، نەک بە یاسای خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی.

ئومێد بەرۆشکی تائێستا لەسەر پینج دۆسیە دادگاییکراوە و ماوەی دوو ساڵ و نیو زیندانی بەسەردا سەپێندراوە و 250 هەزار دیناریش سزای مادی دراوە و دۆسیەیەکی دیکەشی ماوە کە یەکلایی بێتەوە.

هەر لەو بارەیەوە کامەران عوسمان لە رێکخراوی سی پی تی رایگەیاند: ساڵێك و دوو مانگە لە زینداندایە و لەسەر شەش سکاڵا تا ئێستا سزای دوو ساڵ و نیو زیندانیکردنی بۆ دەرچووە و بڕیار وابوو سبەی پڕۆسەی دادگاییکردنی  لەسەر سکاڵای شەشەم بەڕێوەبچێت، کە ئەم سکاڵایە پەیوەندە بە کاری سیخوڕی و پلانڕێژی بۆ ئەنجامدانی کاری تێکدەرانە، بەڵام بەھۆی پشووی یادی مەولوودەوە پڕۆسەی دادگاییکردنەکە دوادەخرێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button