کۆمەڵی دادگەری لەبارەی ئەنجامی دەنگدان دەڵێت چی؟

وتەبێژی کۆمەڵی دادگەری رایگەیاند، ئەنجومەنی باڵا و سەرکردایەتی بەرپرسیارێتی ئەنجامى دەنگەکانى حزبەکەى لەهەڵبژاردنى پێشوەختەدا لە ئەستۆدەگرێت.
وتەبێژەی کۆمەڵی دادگەری دوای ئەوەی کورسیەکی هەڵبژاردنیان لەدەستدا ئەمڕۆ لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند “هەنگاوەکانمان بە ئاراستەی چارەسەری دۆخەکە دەستپێدەکەین، کۆمەڵ دۆخی زۆر سەختتر لەمەشی تێپەڕاندووە. ئەندامانمان دڵنیا دەکەینەوە بە بەرنامەیەکی نوێوە خۆمان بۆ هەڵبژاردنی کوردستان ئامادە دەکەین”.
ئاماژەی بەوەشکردووە “پڕۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق هاوکات بوو لەگەڵ تەواوبوونی کۆنگرەی چوارەمی کۆمەڵ، لە کاتێکدا سەرقاڵی تەشکیلکردنەوەی ئۆرگانەکانمان بووین چووینە نێو بانگەشەی هەڵبژاردن”.
وتەبێژی کۆمەڵ باسى لەوەشکرد “ئەو ئەنجامانەی بەدەستمان هێناوە لە ئاست چاوەڕوانییەکانمان نەبوو، هەربۆیە داوای لێبوردن دەکەین، سبەی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کۆدەبێتەوە”.