شاندێکی حکومەتی ئەمەریکا و تاڵیبان لە قەتەر کۆدەبنەوە

لڤین:

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، گەورە بەرپرسانی ئەمەریکا لە ڕۆژی شەممەوە لەگەڵ نوێنەرانی تاڵیبانی ئەفغانی دەسەڵاتدار بۆ یەکەمجار لەوەتەی ئەمەریکا لەو وڵاتە کشاوەتەوە گفتوگۆی تایبەت دەکەن.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لەسەر زاری بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، سەبارەت بە کۆبوونەوەکە، ڕایانگەیاند،” شاندەکەی ئەمەریکا بریتییە لە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە، ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمەریکا و کۆمەڵگەی هەواڵگریی ئەمەریکا”.

هەروەها سوهەیل شاهین گەورە بەرپرسێکی تاڵیبان کە لە دەوحە نیشتەجێیە و نوێنەری دیاریکراوی گروپەکەیە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاندوە،” بڕیارە سەرکردەکانیان لە ڕۆژی شەممە و یەکشەممە لەگەڵ شاندێکی ئەمەریکا لە دەوحە کۆببنەوە”.

پێشتر ڕۆژی هەینی تاڵیبان ڕایگەیاندبوو کە ئەمیر خان موتەقی وەزیری دەرەوە لەگەڵ ژمارەیەک لە گەورەبەرپرسان لە کابول بەرەو دەوحە ڕۆشتووە.

عەبدولقاهیر بەلخی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تاڵیبان لە تویتەر نوسیویەتی “شاندەکە گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی قەتەری و نوێنەرانی وڵاتانی دیکە دەکات لەسەر دۆخی سیاسی و پەیوەندییەکانی ئێستا،بەڵام ناوی هیچ وڵاتێکیان نەهێنا، هەرچەندە وتیشی سەرۆکی دەزگای هەواڵگیری تالیبان یەکێکە لە شاندەکانیان”.

جێگەی ئاماژە پێدانە بە گوێرەی هەواڵی ڕۆیتەرز تیمە باڵاکانی ئەمەریکا فشار لە تاڵیبان دەکەن بۆ دڵنیابوون لە ڕێگەدان بە دەرچوونی ئەمەریکاییەکان و ئەو ئەفغانیانەی لە ماوەی نزیکەی 20 ساڵەی شەڕی ئەفغانستاندا یارمەتی ئەمەریکایان داوە، بە شێوەیەکی ئارام و بێ ترس.

هەروەها لە ڕاپۆرتی ئاژانسەکەدا هاتوە،” بەپێی ڕاپۆرتەکان، شاندی ئەمەریکا تاڵیبان بەرپرسیار دەکەن لە بەرامبەر ئەو پابەندییەی کە ڕێگە نادەن خاکی ئەفغانستان ببێتە پەناگەی قاعیدە یان تیرۆریستانی تر و باشترکردنی گەیشتن بە یارمەتییە مرۆییەکان لەکاتێکدا ئەفغانستان ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورە و داڕوخانی ئابوری بۆتەوە”.

بەرپرسانی ئەمەریکا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندوە،” کە کۆبوونەوەکە مانای ئەوە نییە کە واشنتن هەنگاو دەنێت بۆ داننان بە حکومەتی تاڵیبان دا، بەڵکو وەستاوەتەوە لەسەر ئەوەی ئایا تاڵیبان پابەندی خۆیان جێبەجێ کردووە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر، پاراستنی مافەکانی ژنان لە کار و ڕێگەدان بە دەستگڕاگەیشتنی کچان بە خوێندن”.

ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی ئاست بەرز و ڕووبەڕوو دەبێت لەوەتەی ئەمەریکا لە کۆتایی مانگی ئابەوە سەربازەکانی لە ئەفغانستان کشانۆتەوە و تاڵیبانی ئیسلامی کۆنترۆڵی ئەو وڵاتەیان کردووە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button