ئومێد خۆشناو: بودجەی وشکەساڵی هەولێر زیاتر لەهەشت ملیار دینار بوو

لڤین:
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، کۆی بودجەی خەرجکراو بۆ چارەسەربونی دۆخی وشکەساڵی لە پارێزگای هەولێر بریتی بووە لە هەشت ملیار و 643 ملیۆن و 411 هەزار و 900 دیناری عێراقی.
ئومێد خۆشناو، ئەمڕۆ شەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی کەمئاوی و وشکەساڵی رایگەیاند “چارەسەری کێشەی 513 بیرمان کردوە لەوانە شۆڕکردنەوەی بۆری و ماتۆڕیان بۆ ئەنجامدراوە، 76 بیری جێگرەوە لەو شوێنانە لێدراون کە بیرەکان بەتەواوەتی وشک بون، 25 بیری دیکەش ئێستا لە پڕۆسەدایە و هەندێکیان لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا کاریان تێدا دەکرێت”.
پارێزگاری هەولێر وتی “کۆی بودجەی خەرجکراو بۆ چارەسەربونی دۆخی وشکەساڵی لە پارێزگای هەولێر بریتی بو لە هەشت ملیار و 643 ملیۆن و 411 هەزار و 900 دیناری عێراقی”.
خۆشناو وتیشی: سەرچاوەکانی ئەو داهاتە بریتی بون لە پاڵپشتی راستەوخۆی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و داهاتی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو و بودجەی تەرخانکراوی وشکە ساڵی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشوگوزار لەگەڵ تەرخانکردنی بەشێک لە بودجەی پارێزگا بۆ چارەسەربونی ئەو کێشانە و گروپەکانی خێرخوازی تەواوکاری کارەمانمان بون.