ئەردۆگان: لێدوانی ئەمریکا لە بارەی کوشتنی ١٣ سەربازمان گاڵتەجاڕانە بوو

لڤین:سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکا لەبارەی کوژرانی 13 سەربازی وڵاتەکەی گاڵتەجاڕیی بووە، ئاشکراشی دەکات کەگەڵ بەغداد و حکومەتی ھەرێم پەکەکە لە ناودەبەن.
رەجەب تەیب ئەردۆگان ئەمریکای بە پشتیوانیکردنی پەکەکە تۆمەتبارکرد و رایگەیاند: لێدوانەکانیان بۆ ئیدانەکردنی کوژرانی 13 سەربازی وڵاتەکەمان گاڵتەجاڕی بوو.
ئەو داواشی لە وڵاتانی رۆژئاوا کرد ئەگەر دەیانەوێت پەیوەندی هاوپەیمانێتییان لەسەر ئاستێکی جیهانی بەردەوامبێت لەگەڵ تورکیا پێویستە دەستهەڵگرن لەپشتیوانیکردنی پەکەکە.
وتیشی، هەر لایەنێک پشتیوانی لەپەکەکە بکات دەبێت بەبەشێک لەتاوانی کوشتنی 13 سەربازی تورک لەچیای گارە.
ئاماژەی بەوەش کرد، لەئاستی سۆشیال میدیاش ئەوانەی کە پشتیوانی پەکەکە دەکەن بەرپرسیارن لەکوشتنی ئەو سەربازە تورکانە.
ھەر لەو وتارەیدا سەرۆکی تورکیا وتی لەگەل بەغداد و حکومەتی باکوری عێراق بڕیاریانداوە پەکەکە لەناو بەرن.
دوای ھێرشەکەی تورکیا بۆ چیای گارە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتی ئەگەر پەکەکە ئەو سەربازانەی کوشتبێت بە توندی ئیدانەی دەکەین.