نێچیرڤان بارزانی: شەڕی نەتەوەیی لە کەرکوک ناکەین

لڤین:
جێگری سەرۆکی پارتی رایگەیاند، ئەوان نەوتی کەرکوکیان ناوێت بەڵکو ناسنامەی کەرکوکیان دەوێت و شەڕی نەتەوەیی لە کەرکوک ناکەن.
نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی هەرێم، بەشداری لە بانگەشەی کاندیدانی پارتی لەسنوری پارێزگای کەرکوک کرد کە ئەمڕۆ سێشەممە لەهەولێر بەڕێووەچوو و لەوتارێکدا وتی: داوای ئێمە بۆ نەوتی کەرکوک نییە، داوامان لەسەر ناسنامەی کەرکوکە، ئێمە نامانەوێت شەڕێکی نەتەوەیی بە کەرکوکییەکان بکەین.
ئەو وتیشی: نامانەوێت شەڕی نەتەوەیی لە کەرکوک بکرێت، کە بە پێچەوانەی هەموو شۆڤێنییەک، دەمانەوێت، ئارامی، خزمەتگوزاری، ئاوەدانی و هاوبەشیی راستەقینە لە کەرکوک هەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد “دەیان ساڵە کەرکوکییەکان ماندوو دەکرێن، بۆیە ئێمە تائێستاش داوای جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستور دەکەین و کەرکوک وەک بەشێکی دانەبڕاوی هەرێمی کوردستان سەیر دەکەین”.
جێگری سەرۆکی پارتی ئەوەشی خستەڕو نامانەوێت هیچ نەتەوەیەک لە کەرکوک بشکێت، دەمانەوێت هەموومان پێکەوە بژین و ئەوەش سەرکەوتنە بۆ هەموویان.