لڤین: پەرلەمانتارێك رایگەیاند لەسەر دۆسیەی ناردنە دەرەوەی شەش ملیار یۆرۆ لە هەرێمی كوردستانەوە بەڵگەی نوێیان دەست كەوتووە و ئاراستەی دەستەی دەستپاكیان كردووە.
كاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، بەڵگەی نوێمان لەسەر بردنە دەرەوەی شەش ملیار یۆرۆكە ئاڕاستەی لیژنەی دەستپاكی پەرلەمان كردەوە.
ئەو پەرلەمانتارە راشیگەیاندووە “تا ئێستاش داواكاری گشتی بە بێ بیانوو ئەم مەلەفەی داخستووە، و هەرچەندە داوای ڕوونكردنەوەشمان كردووە، بەڵام هیچ زانیارییەك ناخەنە بەردەست”.
گەزنەیی ئاماژەی بەوەشكردووە: لە ئێستادا هەموو بەڵگەكان لەلای لیژنەی دەستپاكی پەرلەمانی كوردستان هەن و چاوەڕوانی بەدواداچوون یەكلا كردنەوەی ئەم بابەتەین.
لە مانگی ئایاری 2020 ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەسپاكی ڕایگەیاند، سەبارەت بە دەنگۆی ناردنەدەرەوەی بڕی شەش ملیار یۆرۆ لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ دەرەوەی وڵات، لە ئێستادا بەڵگەكان بەشێكی لای ئەوانە و بەشێكی لای داواكاری گشتییە، بۆ ئەوەی بزانن ئەو دەنگۆیە ڕاستە یان نا ئەوان ئێستا له قۆناغی كۆكردنەوەی زانیاری و لێكۆڵینەوەدان لەوبارەیەوە.
پێش ئەوەش حكومەتی هەرێمی كوردستان داوایان لە دەستەی دەستپاكی كرد، لێكۆڵینەوەی سەرەتایی بكەن لێكۆڵینەوەی تێدا بكرێت بەڵام تا ئێستا ئەو بابەتە هیچ زانیاریەكی لەبارەوە بڵاو نەكراوەتەوە.
ئەوەش لە دوای ئەوە هات كە پێشتر پەرلەمانتارێك بڵاویكردەوە، گوایە بڕی شەش ملیار یۆرۆ لەڕێی كۆمپانیایەكی ناوخۆیی لە هەرێمەوە ڕەوانەی دەرەوەی وڵات كراوە، ئەوەش كاردانەوەی لێكەوتەوە.