ئەگەری شەڕ لە شەنگال هەیە

لڤین:

ئەگەری شەڕ لە نێوان هێزەکانی پارتی و شەرڤانانی یەپەشە هەیە، پارتی سوورە لەسەر گەڕانەوە بۆ شەنگال و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری شەنگالیش دەڵێت هێرشمان بکرێتە سەر وەڵام دەدەینەوە.

دوای ئەوەی رۆژی شەممە پارتی هەوڵیدا بگەڕێتەوە بۆ شەنگال، بەڵام لایەنگرانی ئیدارەی خۆسەری رێیان لێگرت و دواتر رایانگەیاند کە هاتنەکەی پارتی بە هێزی چەکدارەوە بووە و بۆ کردنەوەی لقی خۆی بووە لە شەنگال.

پارتی دیموکراتی کوردستانیش رایگەیاند کە ئەوەی رێگری لێکردوون هێزەکانی پەکەکە بوون، سەرۆکی حکومەتیش شەوی رابردوو لە لێدوانێکدا رایگەیاند کە حزبەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شەنگال.

لەبەرامبەردا ئیدارەی خۆسەری شەنگال کە نزیکن لە پەکەکە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد کە پارتی لە هەوڵدایە بە هێزێکی زۆری سەربازیەوە بە ناوی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە بگەڕێتەوە شەنگال.

ئیدارەکە بڵاویشی کردووەتەوە کە ئەوان رێنادەن پارتی جارێکی دیکە بارەگای لقەکەی لە شەنگال بکاتەوە و هۆشداریشیدا لەوەی کە ئەگەر بە هێزەوە بێنە ناو شەنگال رێگریان لێدەکەن و هێرشیش بکرێتە سەر خەڵکی ئێزدی وەڵامیان دەدەنەوە.

بەیانی ئەمڕۆش بەشیک لە لایەنگرانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال لەسەر شەقامەکان ئامادەبوون بۆ ئەوەی رێگری لە چوونی کاندید و هێزی پارتی بکەن.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button