پارێزگاری دهۆك بە ناڕاستەوخۆ وەڵامی سەركردایەتی یەكێتی دەداتەوە

لڤین: راگەیاندنی پارێزگای دهۆك بەبێ ئەوەی ناوی یەكێتی بهێنێت وەڵامێكی توندی ئەو حزبە دەداتەوە كە داوای ئازادكردنی چالاكوانەكانی دهۆكی كردبوو.

لە راگەیەندراوێكدا كە بەناوی راگەیاندنی پارێزگای دهۆك دەركراوە دەڵێت: ماوەیەكە لایەنێكی سیاسی باسی دەستگیركردنی خەڵك دەكات بە تاوانی بیروڕای سیاسی و ئازادی ڕادەربڕین لە پارێزگای دهۆك ، ئازادی سیاسی و ڕادەربڕین لەگەڵ سیخوڕی و قاچاخچێتی و فرۆشتنی چەك وتەقەمەنی بە گروپە چەكدارەكان جیاوازییان هەیە.

ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بەفەرمی داوای ئازادكردنی هەرچی زووە بۆ چالاكوان و رۆژنامەنوسان و كادیرانی حزبەكەی خۆی كرد لە بادینان، لەبەرامبەردا راگەیەندراوەكەی پارێزگای دهۆك دەڵێت “سەرجەم ئەو كەسانەی لە پارێزگای دهۆك دەستگیركراون بە بڕیاری دادگا بووە وە دادگاش بڕیار لەسەر چارەنووسیان دەدات”.

راگەیاندنی پارێزگای دهۆك بەبێ ئەوەی ناوی هیچ حزبێكی سیاسی بهێنێت دەشڵێت “دەستگیركردن بەبڕیاری دادگا باشترە لە كوشتن و تۆقاندن و سووتان و تەقەكردن لەبارەگا و بەڕێوەبەرایەتیە مەدەنیەكان”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button