ئەو خزمەتانە چین نەوەی نوێ بەپارتی و یەکێتی دەیکەن؟

نەوەی نوێ بۆ مەترسیدارە؟

شیکردنەوەی: ئیبراهیم عەلی
بۆچی نەوەی نوێ مەترسیدارە؟ ئەو خزمەتانە چین نەوەی نوێ بەپارتی و یەکێتی دەیکەن؟ ئایا نەوەی نوێ لەماوەی چەند ساڵی رابردودا هیچ کارێکی کردوە کە ببێتە جێی متمانەی خەڵک؟ لەئەزمونی کارکردنیاندا هیچ شارەزاییەکیان هەبوە لەکاروباری پەرلەمانیدا؟
ئایا پەرلەمانتارەکانی نەوەی نوێ توانیویانە هیچ وەزیفەیەکی پەرلەمانی لەرابردو جێبەجێ بکەن؟ ئایا کاندیدانی نەوەی نوێ کە ئێستا کەسانێکن زۆرینەیان پێشینەی کاری سیاسییان نییە، چۆن دەتوانن نوێنەرایەتی ڕەوتێکی سیاسی بکەن؟
لەو شیکارییەدا هەوڵ دەدەین شەن و کەوی ئەو تەوەرانە بکەین.
ئەزمونی نەوەی نوێ بۆ پارتی و یەکێتی، ئەزمونێک بو کە بۆ ئەوان باشترین کارێک بیکەن ئەوەیە کە ئۆپۆزیسیۆنێکی وەک ئەوەی نەوەی نوێ لەپەرلەماندا هەبێت نەک هێزێکی جددی ببێتە ئۆپۆزیسیۆن. پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ بەبێ ئەوەی لەماوەی ڕابردو هیچ وەزیفەیەکی پەرلەمانتاری جێبەجێ بکەن. تەنیا خەریکی هات و هاوارو قیژە قیژ بون لەناو هۆڵی پەرلەمان بەبێ ئەوەی هیچ بەرهەمێکیان هەبێت.
سەرەکیترین ئەرکی پەرلەمانتار چاودێریکردنی کارەکانی حکومەتە، نەک سەرقاڵبون بەنمایش لەدانیشتنە ڕاستەوخۆکانی پەرلەمانی کوردستان و لەدانیشتنە ناڕاستەوخۆکانیش کڕ و کپ لێی دابنیشن و تەنانەت موداخەلەشیان نەبێت.
ئەمە دیمەنی کارکردنی پەرلەمانتارانی نەوەی نوێیە لەپەرلەمانی کوردستان. یەک ڕاپۆرتی جددییان نییە کە بەرهەمی چاودێریکردنی کارەکانی حکومەت بێت. لەبونی ئەو هەمو گەندەڵییە تەنیا بەشتی ڕوکەشەوە سەرقاڵن تا بەم هات و هاوارو قیژە قیژەیان نەزانی و بێ ئەزمونی خۆیان لەکاری پەرلەمانیدا پەردە پۆش بکەن.
پارتی و یەکێتی هەرچی پێناسەیەک بۆیان دەکەی لەسەریان جێبەجێ دەبێت لەخراپی و ستەمکاری و گەندەڵی و تا دەگاتە کوشتن و بڕینیش، بەڵام کارەساتەکە ئەوەیە هێزێک بێت خۆی بەبەدیلی ئەوانە نمایش بکات کەچی پارتی و یەکێتی لەو هێزە باشتر بن.
سەرۆکی جولانەوەی نەوەی نوێ، گرەوی ئەمجارەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی لەسەر درۆیەکی شاخدار داڕشتبو، گوایە بە چوار پەرلەمانتار وایکردوە پەرلەمانتارانی دیکەش پاسەپۆرتی دیبلۆماسی ڕەتبکەنەوە. ئاخر کاتێک تەواوی پەرلەمانتارانی فڕاکسیۆنە جیاوازەکان ئەو درۆیە شاخدارەت سپی بکەنەوە، کەچی هێشتا خۆت وا نمایش بکەی کە شتێکی زۆر گرنگت کردوە کەچی لەبنەمادا ئەو شتەش بونی نەبێت و بگرە درۆیەکی ئاشکرا بێت.
دواین درۆو نمایشی ساختەچێتی شاسوار بریتییە لەبونی بە کوڕە مۆدێل و بەجل و بەرگی شاڵی بادینییەوە سڵاو لەبادینانی خۆڕاگر بکات و داوا لەکەس و کاری گیراوانی بادینان دەکات لەڕێی دەنگدانیان بەنەوەی نوێ تۆڵەی خۆیان لەپارتی بکەنەوە. ئاخر کەس هێندەی تۆ گیراوانی بادینانی ئەزیەتداوە؟ تۆ بوی شێروان شێروانی و هاوڕێکانیت بەپاراستن دەزانی و چەندین ڕاپۆرتی رۆژنامەوانیت لەسەریان بڵاوکردەوەو کردنت بەبەکرێگیراوی پاراستن و ئێستا ئەوان کە لەزیندانی پاراستنن بێ شەرمانە داوای دەنگی کەس و کاریان دەکەی؟
هەرکەسێک رەخنەیەکی بچوک ئاراستەی شاسوار بکات ئیدی کۆمەڵێک تۆمەتی بۆ دادەتاشێت! ئەم کلتورەی شاسوار پەیڕەوی دەکات زۆر قێزەونترە لەسیاسەتەکانی پارتی و یەکێتی. ئاخر تۆ تەنیا دەسەڵاتت بەسەر دەزگا میدیاییەکانی خۆتەوە هەیە، ئەوەی رەخنەیەکی لەتۆ هەبێت نەک جێگەی نابێتەوە لەلات بگرە تۆمەتی هێندە ناشیرینی بۆ دادەتاشی ئینسان شەرم لەخۆی بکاتەوە رۆژێک لەڕۆژان تۆشی ناسیبێ… ئاخر بێتە بەرچاوی خۆت ئەم کەسە سەرۆکی حکومەت بێت، دەبێت چەند دۆسیەی هاوشێوەی گیراوانی بادینان، لەسەردەمی دەسەڵاتی شاسوار لەزیندانەکانی ئاسایشدا بن؟
کارەساتە خۆت بەبەدیلی پارتی و یەکێتی بزانیت و بتەوێت پارتی و یەکێتی بڕوخێنی و کەچی لەژێر دەسەڵاتی ئەوان گەورەترین پرۆژەی گەشتیاریت هەبێت و هەر پارتی و یەکێتیش دەیان ئاسانکاریت بۆ بکەن.
دەبێت تۆ چ شاگردێکی قێزەونی پارتی و یەکێتی بی، کە زەوییەکت لەشاری سلێمانی پێ بدەن، کە رۆحی ئەو شارە بێت و بۆ تەواوکردنی پرۆژەکەشت پارەت پێ نەبێت و پارەی خەڵکی داماویش ببەی بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە هەر بەشت نەکات و پاشان پارتی و یەکێتی لەژێر ناوی قەرزی حکومییەوە دەیان ملیۆن دۆلارت پێبدەن بۆ تەواوکردنی پرۆژەکەت و بانگەشەی روخاندنی پارتی و یەکێتیش بکەی؟
کەسێک تەنانەت ڕەخنەیەکی جددی لەپارتی و یەکێتی هەبێ بەزۆر دەتوانن لەژێر دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی دابنیشێت کەچی تۆش بەحیساب شەو و رۆژ خەریکی روخاندنیانی نەک جێگەت بۆتەوە لەژێر دەسەڵاتییان، بەڵکو زۆرترین زەوی شارت پێ بدرێت و دەیان ملیۆن دۆلاریشت بخرێتە خزمەت هێشتا روشت قایم بێت باسی روخاندنیان بکەی؟
لەم هەڵبژاردنەش بەحیساب دەتەوێت پارتی و یەکێتی بروخێنی، کەچی لەبازنەی یەکی پارێزگای هەولێر کاندیدە ئافرەتەکەت بکشێنییەوە بۆ ئەوەی کاندیدە ئافرەتەکەی پارتی بەچەند هەزار دەنگێک دەربچێت بەئیسراحەت، بۆ ئەوەی پارتی مەشغول نەبێت بەکۆکردنەوەی دەنگ بۆ ئافرەتێک چونکە کاندیدێکی جددی لەو بازنەیە هەیەو دەرفەت بەپارتی دەدەی هەر سێ کورسییەکەی دیکە ببات، باس لەروخاندنی پارتیش دەکەی؟
شاسوار هاوشێوەی دەجالی سەردەم
لەکۆتایی زەمەندا دەجال دەردەکەوێت، خوای گەورەش هێندە دەسەڵاتی پێدەدات تەنانەت دەتوانێت مردوش زیندو بکاتەوە، ئەمەش بۆ ئەوەیە خوای گەورە مرۆڤەکان تاقیبکاتەوە بزانێت کامەیان باوەڕی بەهێزەو دەزانێت ئەمە ڕاستی نییەو دەسەڵاتێکی کاتییە خوای گەورە پێیداوە، بەهەمان شێوە پارتی و یەکێتی هێندە زەمینەیان خۆشکردوە بۆ شاسوار تا ئەوەی دەنگی خۆڵەمێشییە لەو وڵاتەو هیچ کات ئامادە نییە دەنگ بەپارتی و یەکێتی بدات، دەنگ بدەن بەدەجالی سەردەم و دواتریش خۆیان پەرلەمانتارەکانیان بەحازری بکڕن، ئیدی بەو ڕێگەیە تۆ بەحیساب لەتوڕەییت لەپارتی و یەکێتی دەنگ بەنەوەی نوێ دەدەیت، ئیدی بەدەستی دو بویت بەپارتی و یەکێتی.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button