تووشبوویەکی کەڕووی ڕەش گیانی لەدەستدا

لڤین:

جێگری زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کوردستان ڕایگەیاند، لەماوەی ٢٥ ڕۆژی ڕابردوودا ٢٧ حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشیی کەڕووی ڕەش لە پارێزگای (سنە) کوردستان تۆمارکراوە و لە نێویاندا یەک کەس گیانی لەدەستداوە.

سەدیق جەدیدولئیسلامی، بە ئاژانسی هەواڵی ئیرنای راگەیاند: کەڕووی ڕەش لە کوردستانیش تەشەنەی کردووە و وەکو زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کوردستان ٢٧ حاڵەتی تووشبوون بەو نەخۆشییەمان تا ئێستا تۆمارکردووە.

ئەو وتیشی: ١٩ لەو تووشبووانە لە نەخۆشخانەکاندا لەژێر چاودێریی پزیشکیدان، پێنجیان لەماڵەوە چارەسەرییان بۆ ئەنجام دەدرێت، دووانیان بەهۆی ناجێگیربوونی باری تەندروستییان ڕەوانەی تاران کراون و یەک کەسیش گیانی لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، تووشبووان بۆ ئەوەی چارەسەریی تەواو وەربگرن دەبێت لانیکەم مانگ و نیوێک لەژێرچاودێریی پزیشکیدا بن.

جەدیدولئیسلامی هۆشداریدا، ئەو کەڕوە لە هەموو شوێنێکدا دەتوانێت بژی تەنانەت لەژێر خاک و ناو گیاکانیشدا، ئەوەش مەترسیدارتری دەکات. کەڕووی ڕەش نەخۆشییەکی دەگمەنە بەڵام زۆر مەترسیدارە و زیاتر ئەو کەسانە تووشی دەبن کە ئاستی پاراستنی جەستەیان لاوازە.

پزیشکان دەڵێن ئەگەر پاش تووشبوون بە کەڕووی ڕەش پرۆسەی چارەسەری بەخێرایی دەستپێنەکات، ئەو مەتەرسییە لە ئارادایە کە تووشبوو کەمەندام یان نابینا بێت و لە هەندێک حاڵەتدا گیانی لەدەست بدات.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button