رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنور داوای ئازادکردنی رۆژنامەنوسە سزادراوەکانی بادینان دەکات

لڤین:

رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوری جیهانی داوای ئازادکردنی رۆژنامەنووسە دەستگیرکراوەکانی بادینان دەکات و حکومەتی هەرێمیش بە رێکخراوەکەی وتووە سزادانیان پەیوەندی بە پیشەکەیانەوە نییە.

رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنور لە راپۆرتێکدا لە بارەی رۆژنامەنووسە سزادراوەکانی بادینان دەڵێت: لە ئێستادا پێنج ڕۆژنامەنووس لە زینداندان لە کوردستانی عێراق، کە سێیان لە مانگرتن لە خواردنداندان، پەیامنێرانی بێسنوور (RSF) داوا لە دەسەڵاتداران دەکات دەستبەجێ ئازادیان بکەن.

رێکخراوەکە رایگەیاندووە، لە ڕۆژی 6ی ئەیلولەوە ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ شێروان شێروانی، ئەیاز کەرەم و گوهدار زێباری بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە هۆکارەکانی دەستبەسەرکردنیان لە مانگرتندان، باسی لە دەستگیرکردنی 82 کەس لە چالاکوانان و رۆژنامەنوسانی دهۆکیش کردووە.

وتوشیەتی، دوای بەسەربردنی چەند ڕۆژێک بەبێ خواردن، تەندروستی چەند زیندانییەک بوو بەهۆکاری نیگەرانی، بەتایبەتی کە راپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکانی ناوخۆ هەواڵی بێهۆشبوون و وەرگرتنی چارەسەری پزیشکییان بڵاوکرایەوە.

وتوشیەتی ئەو سێ ڕۆژنامەنووسە لە مانگی شوباتدا بە تۆمەتی سیخوڕی سزای شەش ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێنرا، دواتر شێروان شێروانی چەندین جار ئیدانەی بەکارهێنانی ئەشکەنجەی بۆ دانپێدانانی کرد.

رێکخراوەکە ئاماژەی بە سزادانی ئومێد بەرۆشکی کردووە و دەڵێت ڕۆژی 23ی ئەیلول لەلایەن دادگایەکی شاری هەولێرەوە، ڕۆژنامەنووسی چوارەم بە تۆمەتی رەخنەگرتن لە دەسەڵات لە پۆستەکانیدا کە لەسەر هەژمارە تایبەتییەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاویکردووەتەوە، بە تۆمەتی ناوزڕاندن سزادرا پێشتریش بە یەک ساڵ زیندانی سزا درا، واتە ئێستا بە تەواوی دوو ساڵ لە بەندینخانەدا دەمێنێتەوە.

رێکخراوەکە ئاماژەی بە سزای قارەمان شوکری کردووە لە مانگی حوزەیراندا، بە حەوت ساڵ زیندانی سزادرا و لە مانگی کانوونی دووەم بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی نوسراوی دژبە حکومەت دەستگیرکرا و ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەو رۆژنامەنووسە کوڕی قارەمان شوکری رۆژنامەنووسە کە تیرۆرکراوە.

سابرین نوی، بەرپرسی نوسینگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پەیامنێرانی بێسنور وتویەتی: داوا لە دەسەڵات دەکەین دەستبەجێ هەموو ئەو ڕۆژنامەنووسانە ئازاد بکەن کە لە ئێستادا دەستبەسەرکراون.

هاوکات وتەی دیاری محەممەد بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆی گواستووەتەوە کە تیایدا داوای ئازادکردنی ڕۆژنامەنووسان و زامنکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ ئەوان دەکات.

رێکخراوەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە پەیوەندیان بە حکومەتی هەرێمەوە کردووە بە نوسراویک وەڵامیان داونەتەوە کە تیایدا ئاماژەیان بەوەکردووە “ئەو حوکمانەی دراون هیچ پەیوەندییەکیان بە کاری ڕۆژنامەوانی تۆمەتبارەکانەوە نییە”.

حکومەتی هەرێم وتویەتی “جیاوازیەکی ڕوون لە نێوان دادگا و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، کە حکومەت ڕێز لە سەربەخۆیی دادوەری دەگرێت، پابەندە بە سیستمێکی پێکەوەیی وهاوسەنگی، کە ناتوانێت دەست لە پرۆسەی دادوەری وەربدات”.

RSF لە 26ی تەمووزی 2021 لە نامەیەکیدا بۆ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا داوای ئازادکردنی دەستبەجێی ئەو سێ ڕۆژنامەنووسەی کرد کە لە مانگی شوباتدا سزای زیندانییان بەسەردا سەپێنراوە.

عێراق پلەی 163یەمی (لەکۆی 180 وڵات) لەپلەبەندی ئازادی ڕۆژنامەوانی جیهانیدا هەیە کە لە سەرەتای ئەمساڵدا لەلایەن پەیامنێرانی بێسنورەوە بڵاوکراوەتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button