ئینستیتیوتى پەی: کۆبوونەوەکانى پەرلەمانى کوردستان بەپێى خواستى حکومەت بەڕێوەدەچێت

لڤین:

راپۆرتێکى ئینستیتیوتى پەى بۆ پەروەردە و گەشەپێدان راپۆرتێکی خۆی لەبارەی کارەکانی پەرلەمانی وکردستان بڵاو کردەوە و رایگەیاند، کۆبوونەوەکانى پەرلەمانى کوردستان بەپێى خواستى ئەنجومەنى وەزیران بەڕێوە دەچێت.

رێکخراوەکە بە هاوکارى سندوقى نیشتمانى بۆ پاڵپشتى دیموکراسى (NED)ی ئەمریکی، لەبارەی (چاودێریى و هەڵسەنگاندنى کارەکانى پـەرلەمانـى کــوردستان، خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ساڵى سێیەم خولی گرێدانی بەهارە (1ى ئازارى 2021 بۆ 31 ى ئابی 2021))راپۆرتێکی بڵاو کردەوە.

بەپێى راپۆرتەکەى پەى “رۆژ لەدواى رۆژ پەرلەمان وەک دامەزراوەیەک رۆڵى پشتگوێ دەخرێت، لەلایەن دەسەڵاتى جێبەجێکردنەوەو گوێ لە بڕیارەکانى ناگیرێت، کۆبوونەوەکانى بەپێى خواستى حکومەت بەڕێوە دەچێت، لەهەمبەر ئەو هەموو پێشێلکارییە یاساییەى لەلایەن دەسەلاتى جێبەجێکردنەوە دەکرێت دەنگ و رەنگى نیەو بەدواداچوون ناکات”.

رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەکرد پەرلەمان بۆ خۆیشى بەشێکە لە پێشێلکارى یاسا، ئەو یاسایانەى دەریان دەکات یان کرچوکاڵن، یان ناچنە بوارى جێبەجێکردنەوە، زۆرترین پێشێلکارى پەیرەویى لەساتى دانیشتنەکاندا روودەدات.

ئینستیتیوتى پەى رایگەیاند:  لە وەرزی بەهارەى پەرلەمان کە ماوەکەی (5) مانگ بوو، (18) دانیشتنی پەرلەمان کراوە، بڕگەکانی بەرنامەی کار (53) بڕگە بووە، (46) بڕگەی جێبەجێکراوە، کۆی کاتی کۆبوونەوەکان نزیکەی (81) کاتژمێرو (52) خولەک بووە، (18) جار وەزیرانی حکومەت ئامادەی دانیشتنەکان بوون، جگە لە وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان و سەرۆکی دیوان و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران.

 

ئەنجامەکانى راپۆرتى ئینستیتیوتى پەى لەبارەى خولى پاییزەى پەرلەمان:

 

-پەرلەمان نەیتوانیوە وەک پێویست بە ئەرکى یاسادانان هەڵبستێت، لەکاتێکدا بۆشاییەکى زۆرى یاسایی لەهەرێمدا هەیە.

-ئەو یاسایانەى پەرلەمان دەریکردوون هەم لە رووى (شکلى) و هەم لە رووى (مەوزوعی)یەوە گرفتیان هەبووەو کوالیتیان وەک پێویست نییە.

-لەماوەى ئەم خولەدا وێراى ئەو هەموو ناڕەزایی و کەموکوڕى و داوایەى هەبوو، متمانە لە هیچ وەزیرێک نەسەنراوەتەوە.

-لەماوەى ئەم خولەدا لەلایەن ژمارەى یاسایی ئەندامانەوە هیچ یادداشتێک بەمەبەستى داواى پرساندنى سەرۆکى حکومەت و جێگرەکەى ئەندامانى ئەنجومەنى وەزیران پێشکەش نەکراوە.

-لەماوەى ئەم خولى گرێدانەدا نازانرێت ئەندامانى پەرلەمان چەند پرسیاریان ئاراستەى ئەنجومەنى وەزیران کردووە، چونکە سەرۆکایەتى پەرلەمان شەفاف نییەو ئەو داتایانە ناخاتە بەردەست.

-سەرۆکى پەرلەمان بە پێچەوانەى پەیرەوى ناوخۆى پەرلەمان و یاساکان رێگری لە پەرلەمانتاران دەکات کە پڕۆژەکان بەسەربکەنەوە بەمەبەستى چاودێرى، بەم نوسراوەى گومانى خستەسەر کۆى پەرلەمانتاران و کارى پەرلەمانى.

-دانیشتنەکانی پەرلەمان لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی خەڵکدا نییە.

-دەستورى هەرێمى کوردستان کە پێویستییەکى گرنگ بوو دەبووایە کارى لەسەر بکرێت، سەربارى ئەو بەڵێنانەى درابوون، بەڵام هیچ هەنگاوێکى کردارى بۆ نەنراوە.

-لە دانوستاندنى نێوان هەولێرو بەغدادا دەبوایە پەرلەمانى کوردستان مەرجەع و کۆکەرەوەى هەموو دەنگ و بۆچوونەکان بێت و لەهۆڵى پەرلەماندا بڕیارەکان یەکلا بکرێنەوەو حکومەت لەژێر چاودێرى پەرلەماندا هەنگاوەکانى بنابووایە، بەڵام وا نەکەوتەوە.

-وێرای چەندین جار داوای ئەندامان بۆ گفتوگۆ لەسەر قەرزەکانی سەر حکومەت لەم خولەدا هیچ کارێکی لەسەر نەکرا.

-سەرۆکایەتى پەرلەمان لەماوەى (6) مانگدا (24) بەیانى راگەیاندووە، کە پێکهاتووە لە: (10) پەیامى هاوخەمى بەبۆنەى پرسەوە، (6) پەیامى پیرۆزبایی، (5) پەیامى یادکردنەوە، (1) پەیامى سەرکۆنە، (1) پەیامى نیگەرانى، (1) پەیامى ئیدانە. ئەمە لەکاتێکدا زۆر پرسی گرنگ هەبوون و پێویست بوو پەرلەمان هەڵوێستى لەبەرامبەریاندا هەبێت.

-لەخولى پاییزەدا، تەنها (18) دانیشتنى ئەنجامداوە، بەڵام دەبوو (40) کۆبوونەوەى ئاسایی ئەنجام بدات.

-پەرلەمان بەبڕیارێک مانگێک تەمەنى خولى گرێدانى درێژکردەوە، کەچى لەم مانگەدا تەنها دوو کۆبوونەوەى ئەنجامدا کە (6) کاتژمێر بوو.

-بەهۆی گوێنەگرتن لە داوای ئەندامان، بەشی زۆری دانیشتنەکان گرژی تێدەکەوێت، سەرۆکایەتیش بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە پەخش رادەگرێت.

-لەدۆخی چاودێری دامەزراوەکاندا، (126) پرسیارى فەرمیی ئەندامان لەلایەن حکومەتەوە وەڵام نەدراوەتەوە.

-(5) یاداشتى ژمارەى یاسایی ئەندامان هەبووە بۆ زیادکردنى بڕگەیەک بۆ بەرنامەى کار، بەڵام سەرۆکایەتى نەیخستۆتە بەرنامەوە.

-بەرنامەى کارى دانیشتنەکان لەگەڵ خواستە هەنوکەییەکانى خەڵکى کوردستاندا وێک نایەتەوە.

-لەماوەى ئەم خولی گرێدانەداو تەنها لە (2) کۆبوونەوەدا تۆمارى ئامادەنەبوونى ئەندامى پەرلەمان خوێندراوەتەوە.

-هاوشێوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، ئەندامی پەرلەمانیش چەندینجار پەیڕەو پێشل دەکەن.

-لێژنە هەمیشەییەکان ئەرکی پەیڕەوییان ئەنجام نەداوە، لەم خولەشدا لە کۆی (24) پێشنیازو پڕٍۆژەیاسا کە خوێندنەوەیان بۆ کراوەو دەبوو لەلایەن لێژنەکانەوە (49) راپۆرتی لەسەر بنووسن، تەنها (31) راپۆرت نووسراوە.

-لەم خولەدا لێژنەکانى پەرلەمان تەنها (116) کۆبوونەوەیان کردووە، لەکاتێکدا بەپێى پەیڕەو بەلاى کەمەوە (152) جار کۆبونەوە بکەن.

 

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button