پارتی بۆ دەرچواندنی ئەشواق جاف بۆ هەر دەنگێک لەنێوان ١٠٠ تا ٢٥٠ هەزار دینار دەدات بەدەنگدەران

لڤین:

پارتى دیموکراتى کوردستان هەوڵەکانى چڕکردووەتەوە لەپێناو ئەوەى کورسى سێیەمی بازنەى سێى سنورى پارێزگاى سلێمانى بۆ خۆی مسۆگەر بکات، بۆ ئەو مەبەستەش جێبەجێکردنی چەند پلانێکى گرتووەتەبەر یەکێک لە پلانەکانیش پێدانى بڕێک پارەیە کە لە 100 هەزارەوە دەستپێدەکات تا 250 هەزار بەناوى دیارى و هاوکارى بەو دەنگدەرانەى کە تا ڕاددەیەک خۆیان یەکلا نەکردووەتەوە دەنگ بە چ کاندیدێک بدەن یان ئەو خێزانانەى بارى داراییان لە ئاستێکى باشدا نییە.

لەبارەی پێدانی پارە بە دەنگدەرانی پارتی، ماڵپەڕی بوار نیوز،ڕایگەیاندوە،” پارتى دیموکراتى کوردستان لە ڕێگەى پێکهێنانى چەند تیمێکى تایبەت و باوەڕپێکراو لەسەر ئاستى لق و ناوچەکانى پارتى لەسنورى بازنەى سێ کە ناوەندى هەڵەبجەو قەزاکانى شارەزوورو پێنجوێن و سەیدسادق و ناحیەکانى خورماڵ و سیروان و بەمۆ و بیارە دەگرێتەوە دەستیان بەسەردانیکردنێکى چڕ کردووە بۆ لای ئەو ماڵ و خێزانانەى کە تا ڕادەیەک بارى داراییان باش نییەو یاخود ئەو کەسانەى گرنگ نییە بەلایانەوە دەنگ بە چ کاندیدێک بدەن و خۆیان بۆ هیچ حزبێک یەکلا نەکردووەتەوە، شێوازى سەردانیکردنەکەشیان بە جۆرێکە پێشتر کەسێک لەو تیمەى پارتى قسە لەگەڵ سەرۆکى ئەو خێزانە دەکات و پێى ڕادەگەیەنێت دەیانەوێت سەردانى ماڵەکەى بکەن و بڕێک هاوکارى و دیارى پێشکەش بکەن”.

ماڵپەڕەکە ئاماژە بەوەیشداوە،” هەر ئەو کەسە بە سەرۆک خێزانەکە دەڵێت کاتێکمان بۆ دیاریى بکەن بۆ ئەوەى سەردانت بکەین و بە ئەندامانى خێزانەکەش بڵێن کە دەنگ بە (ئەشواق جاف) کاندیدى پارتى بدەن و لەبەرامبەردا هەندێک دیارى و هاوکاریش لەگەڵ خۆماندا دەهێنین، بۆیە ئەگەر خاوەن ماڵ ڕازى بێت بە سەردانى ئەو تیمەى پارتى ئەوا لەکاتى دیاریکراودا سەردانى ماڵەکە دەکەن و ئەگەر ئەو ماڵە دوو تا سێ کەسیان مافى دەنگدانیان هەبێت ئەوا بڕى 100 هەزار دینارو ئەگەر چوار دەنگ دەنگەریان هەبێت بڕى 150 تا 200 هەزار دینار و ئەگەریش شەش دەنگدەر بەرەو سەرەوەیان هەبێت ئەوا 250 هەزار دینار وەک دیارى و هاوکارى پێشکەش بەو ماڵ و خێزانە دەکەن”.

سەبارەت بە چۆنیەتی پێدانی پارەکە، لە هەواڵەکەدا هاتوە،” ئەو تیمەى سەردانى ئەو ماڵانە دەکەن گەرەنتى ئەوە وەردەگرن لەڕۆژى دەنگدان دەبێت ئەو خێزانانە بۆ دەنگدان و بەشدارى پرۆسەکە بکەن و کەسە بەتەمەنەکانى خێزانەکەش خۆیان بە نەخوێندەوار لە قەڵەم بدەن و ڕازى بن بەوەى کەسێکى پارتى بڕوات لەگەڵیان دەنگیان بۆ بدات”.

هەروەها هاتوە،” هاوکات ئەوانەشى گەنجن هەوڵ بدەن مۆبایل لەگەڵ خۆیان ببنە ژورەوەو وێنەو ڤیدیۆى دەنگەکانیان بگرن و بۆ ئەو لیژنەیەى بنێرنەوە، ئەم پرۆسەیەش ماوەى چەند ڕۆژێکە دەستیپێکردووەو تاڕادەیەکى زۆر توانیویانە ڕەزامەندى ئەو خێزانانە وەربگرن بۆ ئەوەى سەردانیان بکەن کە تازە هاوسەر گیریان کردووە یاخود بارى داراییان باش نیەو ئەوانەشى خۆیان بۆ هیچ حزبێک یەکلایی نەکردووەتەوە، پارتیش لەم پلانەیدا دەیەوێت بە هەر نرخێک بێت کورسى کۆتای ژنانى بازنەى سێ لە دەستى (چرۆ حەمەشەریف) کاندیدى یەکێتى لە لیستى هاوپەیمانى دەربهێنێت و بۆخۆى یەکلایى بکاتەوە. یاخود بتوانێت دەنگی سێیەمی ئەو بازنەیە بەدەست بێنێت بۆ ئەوەی بەمافی خۆی کورسی ئەو بازنەیە ببات”.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button