قوباد تاڵەبانی: نەهاتووم پەردەپۆشی هیچ کەم و کورتییەکى حوکمڕانی بکەم

لڤین:
سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان رایگەیاند، نەهاتووم پەردەپۆشی هیچ کەم و کورتییەکى حوکمڕانی بکەم، بەڵام کوردستان لەم چوارساڵەى ئایندە تووشى رکابەرى زیاتر دەبێتەوە لەرووى ئابورى و دارایی و ئەمنی و سەربازیەوە.
قوباد تاڵەبانی لە قەزاى پێنجوێنەوە رایگەیاند، بەرەو هەڵبژاردنێکی چارەنوسساز هەنگاو دەنێین تا بتوانین باشترین و بەهێزترین نوێنەرى هاوپەیمانی کوردستان بنێرینە بەغداد “نەهاتووم پەردەپۆشی هیچ کەم و کورتییەکى حوکمڕانی بکەم، بەڵام هاتووم ئەوەتان بۆ روون بکەمەوە بۆچی گرنگە بەشداری هەڵبژاردن بکەین”.
سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان وتیشی: کوردستان لەم چوارساڵەى ئایندە توشى رکابەرى زیاتر دەبێتەوە لەرووى ئابورى و دارایی و ئەمنی و سەربازیشەوە.
ئاشکرای کرد لە ئێستادا “ئاراستەیەک هەیە بۆ کەمکردنەوەى دەسەڵاتى هەرێمی کوردستان و سنوردارکردنی مافەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەگۆڕینی دەستورى عێراقی”.
وتیشی جاران رکابەرییەکی ناوخۆیی هەبوو بۆیە دەنگەکانی خۆمان پەرت و بڵاوکردبوو، بەڵام بۆمان دەرکەوت کە تا پەرت و بڵاوبین لاوازین، کەلاواز بووین ناوچەکانمان دەکەوێتە ژێر مەترسییەوە بۆیە بریارمانداوە ئەمجارە لەژێر چەتری هاوپەیمانی کوردستان بەیەکەوەبین، بەیەکەوە باشتر ئەتوانین بەرگرى لە مافەکانی کورد بکەین.